ئەردۆغان: بڕیاری دادگای ئەورووپا هیچ كاریگەرییەكی لە سەر رەوشی ئوجەلان نابێت
__2014_03_20_h12m15s23__BA.jpg)
هەولێر- KDP.info/ سەرۆكوەزیرانی توركیا، ڕایگەیاند، بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا كاریگەری لە سەر رەوشی ئوجەلان نابێت و جەختی كردەوە، تا ئەو كاتەی ئاكەپە دەسەڵات بێ، ئوجەلان نە دووبارە دادگایی دەكرێتەوە نە بە مەرج ئازاد دەكرێت.
سەرۆكوەزیرانی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی تایبەتی كەناڵی تی ئار تیدا باسی پرس و بابەتە گرنگەكانی رۆژەڤی توركیا كرد و گوتی: ئێمە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیامان لە سەر داوای خەڵكی توركیا دەست پێكردووە و ئەو قۆناغ و پرۆسەیە بە باشی بەرەو پێشەوە دەچن و حكومەت بەو پەڕی هێزی خۆیەوە پاڵپشتی لە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیا دەكات.
ئەردۆغان لە بەشێكی دیكەی ئەو بەرنامەیەدا رایگەیاند كە ئێمە وەكو حكوومەتی ئاكەپە بە هیچ شێوەیەك رێگە بە نەتەوەپەرەستیی تورك، نەتەوەپەرەستیی كورد، توندڕەویی ئایینی و جیاوازیی ناوچەیی نادەین، چونكە هەمووی ئێمە پێكەوە هاووڵاتی یەكسانی ئەم وڵاتەن.
لە بارەی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بارەی كەیسی عەبدوڵڵا ئوجەلانیشەوە ئەردۆغان گوتی: لە رووی یاساییەوە كەیسی ئوجەلان لە لایەن دادگای ناوخۆیی توركیاوە داخراوە، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایش دەزانێ ئەو كەیسە داخراوە، بگرە لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایش داخراوە، بۆیە ئەو بڕیارەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا كاریگەری لە سەر رەوشی ئوجەلان نابێت.
لە بارەی ئەگەری دووبارە دادگاییكردنەوە یا ئازادكردنی بە مەرج، ئەردۆغان جەختی كردەوە، تا ئەو كاتەی ئاكەپە دەسەڵات بێ، ئوجەلان نە دووبارە دادگایی دەكرێتەوە نە بە مەرج ئازاد دەكرێت.
ئەردەلان گۆران




