مەكتەبی سیاسیی پارتی: با نەورۆز هەوڵێك بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان

هەولێر- KDP.info/مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی نەورۆزەوە پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا دەخوازێت نەورۆز ببێتە مایەی یەكریزی و برایەتیی گشت پارت و لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و هەرچوار پارچەی كوردستان بۆ سەقامگیریی و ئاوەدانكردنەوە و بووژانەوەی كوردستان و، زیاتر هەوڵ و كۆششكردن بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هەنگاونان بەرەو بەدیهاتنی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی گەلەكەمان.
پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی 2714ی كوردی:
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردی گەرمترین پیرۆزبایی لە گەلەكەمان لە هەر چوار پارچەی كوردستان و سەرتاسەری جیهان دەكەین.
لە دیرۆكی دوور و نزیكیدا، میللەتەكەمان، یادی نەورۆزی وەك نەریتێكی نەمرو جەژنێكی دێرین و نەتەوەیی كردۆتەوە، كە هێما و سمبولی بەرخودان و رابوون و رووناكییە، خۆری ئازادی هێناو زنجیری ژێردەستەیی پساند.
نەورۆز داستانێكی مێژوویی و رۆژێكی چارەنووساز بووە، هەمیشەش هەوێنی بەرەنگاریی و شۆڕش بووە دژ بە زوحاكەكانی هەموو سەردەمێك و بەرەنگاربوونەوەی داگیركەرانی كوردستان، نەورۆز ئەڵقەیەكی گرنگی نێو زنجیرەی راپەڕینەكانی ئاداری (1991)ـە، كە هاوكاتە لەگەڵ سەرهەڵدان و راپەڕین و رزگاركردنی شاری كەركووكی دڵی كوردستان، ئازادكردنی شاری برایەتی و خۆراگریی، هەر بەو بۆنەیەوەو لە یادی (23)هەمین ساڵەی راپەڕینی شاری كەركووك پیرۆزباییەكی گەرم لە لە جەماوەری ئەو شارە قارەمانە دەكەین و هیوای بەختەوەری و ئاسوودەیی و سەرفرازیان بۆ دەخوازین.
نەورۆز، سەری ساڵی كوردی و یەكەم رۆژی وەرزی بەهارە، پەیامی سەلماندنی هەبوونی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلەكەمانە، لە كولتووری دێرینی نەتەوەكەمانەوە هەڵقووڵاوە و لە سروشتێكی رەنگین و قەشەنگی وڵاتی كوردەواریمانەوە سەرچاوەی گرتووە، هیواخوازین جەژنی نەورۆز وەك چۆن هەمیشە چەپكەگوڵی ئازادی و خۆشی و شادی و ئارامییە، سیمبوولی تێكۆشانی نەتەوەیی و نیشتیمانیە، ئاوهاش مایەی یەكریزی و برایەتیی گشت پارت و لایەنە سیاسییەكان بێت لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و هەرچوار پارچەی كوردستان بۆ سەقامگیریی و ئاوەدانكردنەوە و بووژانەوەی كوردستان و، زیاتر هەوڵ و كۆششكردن بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هەنگاونان بەرەو بەدیهاتنی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی گەلەكەمان.
جارێكی دیكە جەژنی دێرین و مێژوویی نەتەوەییمان، نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردی لە هاووڵاتییان و تێكڕای كوردستانیانی خۆشەویست، پیرۆز بێت.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
21ی ئاداری 2014 زایینی
1ی خاكەلێوەی 2714ی كوردی




