دەستەی گەشتوگوزار: بۆ پێشوازیکردنی گەشتیاران لە نەورۆزدا پلانێکی تۆکمە دانراوە
__2014_03_20_h11m49s45__BA.jpg)
ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان دەڵێت، پلانێکی تۆکەمەیان داناوە بۆ پێشوازیکردنی گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا، بۆئەم مەبەستەیش چەندین لێژنەیان پێکھاتووە.
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، نادر رۆستی، بە kdp.infoـی راگەیاند: پلانێکی شەش رۆژییان داناوە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا، بۆئەم مەبەستەیش چەندین لیژنە پێکھێندراون بۆئەوەی لە شوێنە گەشتیارییەکان چاودێریی گەشتیاران بکەن.
نادر رۆستی گوتیشی: لە کاتی ھاتنی گەشتیاران چەندین بەڵگە و رێبەر و ژمارە تەلەفون، بەسەر گەشتیاراندا دابەش دەکرێن بۆ ئاشنابوونیان بە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان و، ھەر پێویستییەکیان ھەبێت پەیوەندیمان پێوە بکەن، ھەروەھا بۆ پاراستنی شوێنە گەشتیارییەکان رێنماییمان بڵاو کردووەتەوە، بۆئەوەی شوێنە گەشتیارییەکان بپارێزرێن.
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند: چەند رۆژێکە ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و بە جۆرێک لە ئێستادا80%ـی ئۆتێلەکان کەوتوونەتە کار و چاوەڕوان دەکرێت تا ئێوارەی ئەمڕۆ بگاتە100%.
رۆستی روونیشی کردەوە كە، پێشینی دەکەن رێژەی ھاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان لە جەژنی نەورۆزی ئەمساڵدا زۆر زیاتر بێت لە هیی ساڵی رابردوو.
بڵند ئیبراھیم




