حوسێن چەلیك: سیاسەتكردن بە خوێنی منداڵانی كوردەوە ڕەوشتی مرۆییانە نییە

عەنتاب- KDP.info/ جێگری سەرۆكی گشتیی ئاكەپە، حوسێن چەلیك رایگەیاند كە، با جەهەپە خۆی بۆ هاووڵاتییە كوردەكان شیرن نەكات، چونكە هێشتا ئاسەواری خوێنی كۆمەڵكۆژیی دەرسیم و دۆڵی زیلان لە سەر دەستی جەهەپە دایە.
حوسێن چەلیك گوتی: لە نێو ئاكەپەدا پەرلەمانتاری تورك و پەرلەمانتاری كورد هەن، بەڵام هیچ كامیان كوردایەتی و توركایەتی ناكەن، كاتێك كە من وەزیری پەروەردە بووم كەناڵەكانی راگەیاندنی سەر بە نەتەوەپەرەستەكان بە تایبەتی وێب سایتەكان بڵاویان دەكردەوە كە پەروەردەی توركیا خراوەتە ژێر دەستی كوردێكەوە، بەڵام ئێمە گوێمان بەو جۆرە پرۆپاگەندانە نەدەدا، بە نەفرەت بێ ئەو عەقڵیەتەی بەو جۆرە بیر دەكاتەوە. ئێمە توانیمان بە گوتارو بە كریاری خۆمان ئەو جۆرە عەقڵیەتانە بخەینە ژێر پێمانەوە.
لە بارەی پرسی پەروەرەدە بە زمانی كوردی چەلیك ئاماژەی بەوە كرد، ئێمە هەوڵماندا زمانی كوردی لە قوتابخانەكاندا بكرێتە وانەی بژاردە، هێشتا لە سەر دەستی جەهەپە ئاسەواری خوێنی دەرسیم و خوێنی كۆمەڵكۆژی دۆڵی زیلان هەیە، لە سەردەمی جەهەپەدا ئەگەر داوای مافێكی رەوا كرابایا ئەوا دەیانگوت ئەمە راپەرینی كوردییە، بۆیە بەو پەڕی هێز و توانای خۆیەوە جەهەپە ئەو داواكارییانەی سەركوت دەكرد، عەقڵیەتی جەهەپە بەو جۆرەیە با خۆی بۆ هاووڵاتییە كوردەكان شیرین نەكا.
حوسێن چەلیك جەختی كردەوە، بە هۆی توندوتیژی و پرسی تیرۆر توركیا ئێش و ئازاری زۆر كێشاوە، بەڵام لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری لە سەردەمی ئاكپارتیدا ماوەی زیاتر لە یەك ساڵە لە توركیا تەنانەت یەك دڵۆپ خوێن نەڕژاوە و هیچ منداڵێكی توركیا گیانی لە دەست نەداوە. بەڵام چەند كەس و لایەنێك بەو بارودۆخە رازی نین، سیاسەتكردن لە سەر خوێنی شەهیدان چەندە كارێكی نائەخلاقانە و دوور لە رەوشتی مرۆڤایەتییە، ئەوا سیاسەتكردن بە خوێنی منداڵانی كوردیش هەر ئەوەندە نائەخلاقانە و دوور لە رەوشتی مرۆڤایەتییە.
ئەردەلان گۆران




