موئەیەد تەیب: ماوەی كاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن درێژ ناكرێتەوە

گوتەبێژی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەێنێت: كارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق كۆتایی هات و ماوەی كاری كۆمسیۆن درێژ ناكرێتەوە.
موئەیەد تەیب گوتەبێژی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، كە هاوكات بڕیاردەری لێژنەی شارەزایانی پەرلەمانە بۆ دەستنیشكردنی كۆمسیۆنی تازەی هەڵبژاردن ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێكدا بە ئاكانیوزی ڕاگەیاندووە: كۆبوونەوەكانمان بەردەوامی هەیە لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییەكانی كۆمسیۆن لەسەر پێكهاتەكانی عێراقی كە چەندی بەر شیعە و سونە و كورد بكەوێ، تا ئێستا یەكلایی نەبووەتەوە هەریەكەو چەند كورسییان بەردەكەوێ، ڕۆژی شەموو ئەم پرسە یەكلایی دەكرێتەوە.
ڕوونیشی كردۆتەوە: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی ئێستا كارەكانی تەواو بووە و ماوەی كاركردنی درێژ ناكرێتەوە، ڕۆژی 28ی ئەم مانگە كۆمسیۆن كارەكانی كۆتایی پێ دێ و دەبێ كۆمسیۆنی تازە پێك بهێنرێ.
ئاماژەی بەوەشداوە كە ناكۆكی لەنێوان لایەنەكان هەیە لەسەر پێكهێنانی كۆمسیۆنی تازە، لیستی عێراقیە داوای سێ كورسی دەكات، هاوپەیمانی نیشتمانی دەڵێ دەبێ دوو كورسی بۆ لیستی عێراقیە بێت، ئێستا پێكهاتەی كۆمسیۆنی تازە بەم شێوەیەیە 4 كورسی بۆ هاوپەیمانیی نیشتمانی و 2 كورسی بۆ كورد و 2 كورسی بۆ عێراقییە و 1 كورسی توركمانەكانە، لەسەر كورسی توركمانەكان كێشە هەیە كە ئایە ئەو توركمانە عێراقییە یان هاوپەیمانیی نیشتمانی كاندیدی بكات لەسەر ئەوە ناكۆكی هەیە.
ناوبراو ئەوەشی خستە روو كە كورد و عێراقییە و هاوپەیمانیی نیشتمانی سەردانی یۆنامیمان كردووە لەبارەی پێكهاتە كۆمسیۆن، سەردانەكە تەنیا بەمەبەستی ڕاوێژكاری بوو نەك دەستوەردان.




