مووسڵ...دوو کوردی شەبەک کوژران

مووسڵ- KDP.info/بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردە پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ گوتی، ئەمڕۆ لە موسڵ چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەیان لە دوو کوردی شەبەک کردووە و، لە ئاکامدا هەردووكیان گیانیان لە دەست دا.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردە پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، سەعید مەموزینی، بە kdp.infoـی راگەیاند: ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی شیمال لە شاری مووسڵ چەند چەکدارێکی نەناسراو بە دەمانچەی بێدەنگ تەقەیان لە دوو کوردی شەبەک کرد بە ناوەکانی خالید شەبەک و موحسن شەبەک، بە هۆی سەختیی برینەكەیانەوە دەستبەجێ گیانیان لە دەست دا.
سەعید مەموزینی گوتیشی: دوو رۆژ پێشتریش ھەر لە پارێزگای مووسڵ دوو کوردی دیکەی شەبەک کوژران و بەمەیش لەم ھەفتەیەدا ژمارەی كوژراوانی كوردی شەبەك دەبن بە چوار كە لە مووسڵ کوژراون.
گوتیشی: شەوی رابردووشی لە گوندێکێ سەر بە پارێزگای مووسڵ پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتێک بە ناوی شێخ عەبدوڵا لەلایەن کۆمەڵە چەکدارێکی نەناسراوەوە لە بەر دەرگەی ماڵەکەی تەقەی لێ کرا و کوژرا.
بڵند ئیبراھیم




