لە سلێمانی مۆڵەتی چەک هەڵگرتن کاری پێناکرێ

سلێمانی - KDP.info/ پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند كە جگە لە هێزە ئەمنییەکان، کەس بۆی نییە لە نەورۆزدا چەک هەڵبگرێت، تەنانەت ئەو کەسانەش کە مۆڵەتیان هەیە.
پارێزگاری سلێمانی، بەهرۆز محەممەد ساڵح، بۆ راگرتنی ئارامی لە جەژنی نەورۆزدا، بریاری داوە "جگە لەو هێزە ئەمنیانەی لە ئەرکی رەسمیدان، بۆماوەی هەفتەیەک هەڵگرتنی چەک قەدەخە بکرێت بۆ ئەو کەسانەیش، کە مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکیان هەیە."
لە راگەیەندراوێکد هاتووە، "بریارەکەی پارێزگاری سلێمانی بە پاڵپشتی یاسای چەکی ژمارە (16)ی ساڵی 1993ی پەرلەمانی کوردستان دەرکراوەو لە بەرواری 20-3-2014وە تا 27-3-2014 کاری پێدەکرێت".
بەپێی بریارەکە، ئەو کەسانەیشی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکیان هەیە، لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا هەڵگرتنی چەکیان لێ قەدەخە دەکرێت، ئەگەر چەک هەڵبگرن رووبەرووی سزای یاسایی دەبنەوە و مامەڵەی ئەو کەسانەیان لەگەڵ دەکرێت، کە بێ مۆڵەت چەک هەڵدەگرن."
بریارەکەی پارێزگار بۆ قەدەخەکردنی هەڵگرتنی چەک، هەموو کەسێک دەگرێتەوە، جگە لە هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە و پاسەوانی تایبەت، کە لە ئەرکی فەرمیدان.




