سبەی، سێ وەزیری کورد بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێن

بەغدا- تایبەت بەKDP.info/پەرلەمانتارێکی کورد ڕایگەیاند، بۆ تاوتووکردنی بارودۆخی پارێزگای ئەنبار، پەرلەمانی عێراق بانگھێشتی سێ وەزیری کوردی کردووە.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان، د.حەمید باڤی، بە kdp.infoـی راگەیاند: لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی بارودۆخی ئەنبار، بۆئەم مەبەستەش پەرلەمان بانگھێشتی ھەر یەکە لە وەزیری بازگانی و تەندروستی و کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی کردووە کە ھەرسێکیان کوردن.
باڤی گوتی: مەبەست لە بانگھێشتکردنی ئەو سێ وەزیرە کوردە بۆ ئەوەیە گفتوگۆ لەبارەی لایەنی مرۆیی ئەو پارێزگایە دەکرێت، چونکە بارودۆخی ئەو پارێزگایە لە ھەموو رویەکەوە تێکچووە.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە روونی کردەوە، تێکچوونی بارودۆخی ئەنبار زیاتر پەیوەندی بە لایەنی ئەمنییەوە ھەیە، بەڵام نووری مالیکی رێگە نادات بەرپرسانی ئەمنی ئامادەی پەرلەمان بن، بۆیە ئەو سێ وەزیرە کوردە ئامادەییان دەربڕیوە بێنە پەرلەمان.
باڤی هەروەها گوتی، لیستی دەوڵەتی قانوون بڕیاریان داوە کە ئامادە نەبن بە بیانووی ئەوەی تاوەکو بودجە نەخرێتە بەرنامەی کارەوە، ئامادەی ھیچ دانیشتنێک نابن، بەڵام ئەوان زیاتر لەبەرئەوە ئامادە نابن کە دەزانن زۆر رەخنەیان لێ دەگیرێت.
بڵند ئیبراهیم




