مەهدی ئەكەر: كەس ناتوانێ زمانی زگماكی كەسێكی دیكە قەدەغە بكات

دیاربەكر-KDP.infoوەزیری كشتوكاڵی توركیا مەهدی ئەكەر لە میانی سەردانی بۆ ناوچەكانی قۆڵپ و لیجەی سەر بە دیاربەكر گوتەیەكی پێشكەشی دانیشتووانی ئەو ناوچانە كرد و رایگەیاند كە توركیا زۆر گۆڕاوە و لە ماوەیەكی كورتدا هیچ ئاسەوارێكی توركیای رابردوو نامێنێت.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی تی ئار تی بڵاوی كردەوە كە، وەزیری كشتوكاڵی توركیا لە میانی سەردانی بۆ هەر دوو ناوچەی قۆڵپ و لیجەی سەربە دیاربەكر لە گوتەیەكدا كە پێشكەشی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی كردووە رایگەیاندووە كە ئەو زمانەی مرۆڤ لە دایكییەوە فێری دەبێت پیرۆزە و كەس بۆ نییە ئەو زمانە قەدەغە بكات، بە هۆی پیرۆزبوونی زمانی زگماكییەوە ئاكەپە بڕیاری بە هەڵوەشاندنەوەی هەمووی بەربەست و قەدەغەكارییەكانی بەردەم زمانی كوردی داوە.
مەهدی ئەكەر لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەربەست و قەدەغەكارییانە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و قۆناغی چارەسەری پرسی كورددا روویداوە و ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی قۆناغی چارەسەری كاریگەرییەكی یەكجار باشی لە سەر رەوشی توركیا بە گشتی و رەوشی ناوچە كوردییەكان بە تایبەت هەبێت.
ئەكەر جەختی لەوە كردووە قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی ئاشتی و ئەو 10 ساڵەی دوایی بۆ سەرانسەری توركیا بووەتە وەكو بەرەكەت و لە هەر روویەكەوە كاریگەری لە سەر گەشە پێدان و ئاوەدان كردنەوەی توركیا كردووە.
ئەردەڵان گۆران




