٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆك بارزانی بۆ بنەماڵەكەی: خوێنی كاوە گەرمیانی ون نابێت.. تیرۆركردنی تاوانێكی مەزن و دڕندانەیە

سەرچاوە: KDP.info
ئامەد كاوە گەرمياني لە ئامێزي سەرۆكي هەرێمي كوردستان، مەسعوود بارزانيدا

هەولێر- KDP.info/خانەوادەی شەهید كاوە گەرمیانی داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد پاڵپشت بێت بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانی ئەو كەسانەی لە پشتەوەی ئەنجامدانی ئەم تاوانەوەن. سەرۆك بارزانییش دڵنیای كردنەوە كە تاوانباران بە سزای خۆیان دەگەن. هاوكات ڕایگەیاند، خوێنی كاوە گەرمیانی ون نابێت و پاڵپشتیی تەواوی خۆیشی بۆ داواكارییەكانی خانەوادە و كەسوكاری شەهید كاوە گەرمیانی دووپات كردەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی 3ـی 2014 لە سەڵاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، پێشوازی لە خانەوادە و كەسوكاری ڕۆژنامەنووسی شەهید كاوە گەرمیانی كرد.

لەم دیدارەدا خانەوادەی ڕۆژنامەنووسی شەهید كاوە گەرمیانی سوپاسی سەرۆك بارزانییان كرد بۆ بەدواداچوون و خەمخۆریی بەڕێزیان بۆ كەیسی تیرۆركردنی شەهید كاوە گەرمیانی و وێڕای باسكردنی وردەكارییەكانی بەڕێوەچوونی لێكۆڵینەوە لە تۆمەتبارانی تیرۆركردنی شەهید كاوە گەرمیانی داواشیان لە سەرۆك بارزانی كرد كە بە هەموو توانایەكییەوە پاڵپشت بێت بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانی ئەو كەسانەی لەپشتەوەی ئەنجامدانی ئەم تاوانەن.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی كردن و هاوخەمیی خۆی بە كەسوكاری شەهید كاوە گەرمیانی ڕاگەیاند و ئاماژەشی بەوەدا كاوە گەرمیانی كەسێكی بێتاوان و پاك و بێگەرد و ڕۆڵەی خانەوادەیەكی نیشتیمانپەروەر و قوربانیدەر بووە و تیرۆركردنی تاوانێكی مەزن و دڕندانەیە.

هاوكات سەرۆك بارزانی هیوای ئەوەی خواست كە پڕۆسەی دادگاییكردنی تۆمەتباران ئەنجامی لێ بكەوێتەوە و تاوانباران ئاشكرا بكرێن بۆ ئەوەی بەشێك لە زامەكانی كەسوكاری شەهید سارێژ ببن. سەرۆك بارزانی داواشی لە خانەوادەی كاوە گەرمیانی كرد كە نائومێد نەبن و لەوە دڵنیای كردنەوە كە تاوانباران بە سزای خۆیان دەگەن و خوێنی كاوە گەرمیانی ون نابێت و پاڵپشتیی تەواوی خۆیشی بۆ داواكارییەكانی خانەوادە و كەسوكاری شەهید كاوە گەرمیانی دووپات كردەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار