٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خاوەن 3 کۆمپانیای عومرە دەردەچێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر- تایبەت بەKDP.INFO/ بەرێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، چەند کۆمپانیایەکی بێمۆڵەت خەڵک دەبەن بۆ عومرە و وەزارەتی ئەوقافیش رێکاری یاسایی دەگرێتە بەر.

بەرێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەریوان نەقشبەندی، بەkdp.infoـی راگەیاند: ژمارەیەک کۆمپانیا لە وەزارەتی ئەوقاف مۆڵەتیان پێدراوە بۆئەوەی سەفەری عومرە بە ھاووڵاتیان بکەن و پابەندن بە رێنماییەکانی بەرێوبەرایەتیی حەج وعومرە و تەنھا ئەوانە مافی ئەوەیان ھەیە گەشت بە عومرەکارانی ھەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام بەداخەوە ھەندێک لە کۆمپانیاکانی دەرەوەی ھەرێم ھاتوونەتە ھەرێم و ریکلام بۆخۆیان دەکەن بۆئەوەی خەڵک ببنە عومرە، ئەمەش بەبێ ئەوەی ھیچ مۆڵەتێکیان ھەبێت.

مەریوان نەقشبەندی گوتیشی: ئێمەش وەکو وەزارەت دەستمان کردووە بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کە ژمارەیان سێ کۆمپانیایە لە سنووری ھەولێر و سلێمانی و داوایشمان لە دەزگا ئەمنییەکان کردووە خاوەنەکانیان دەستگیر بکەن.

بەرێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند: لەرێگەی ئێوە داوا لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەین لەگەڵ ھیچ کۆمپانیایەک گەشتی عومرە نەکەن کە مۆڵەتیان نەبێت، چونکە ئەوانە فێڵ لە خەڵک دکەن و کێشەیان بۆ دروست دەکەن.

نەقشبەندی روونیشی کردەوە، ژمارەی ئەو عومرەکارانەی لە وەرزی ئەمساڵی عومرە گەشتی عومرەیان کردووە، گەیشتۆتە زیاتر لە20ھەزار کەس .

وەزارەتی ئەوقاف مۆڵەتی بە 74کۆمپانیا لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان داوە بۆ ئەوەی گەشتی عومرە بە خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکەن لە وەرزی ئەمساڵی عومرە، کە تەنھا لە سنووری ھەولێر 30کۆمپانیا مۆڵەتیان پێدراوە.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار