روونكردنه‌وه‌یه‌ك له ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستانه‌وه

هەولێر- KDP.info/ گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری له روونكردنه‌وه‌كه‌یدا چه‌ند خاڵێك ده‌خاته ڕوو كەماوه‌ی یاسایی بۆ سه‌رۆك و دوو دادوه‌ری تری دادگای ته‌مییزی هه‌رێم درێژ كراوه‌ته‌وه، واته خزمه‌تی یاسایی بۆ سێ دادوه‌ر درێژ كراوه‌ته‌وه نه‌ك دوو هه‌روه‌ك باسی لێوه كراوه.هاوكات داوا له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌كات كه زانیاریی راست له سه‌رچاوه‌ی فه‌رمی و باوه‌ڕپێكراوەوە وه‌ربگرن، ئینجا بڵاوی بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ونه هه‌ڵه‌ی یاساییەوە.
گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به پرسی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یاسایی سه‌رۆك و دوو ئه‌ندامی دادگای ته‌مییزی هه‌رێمی كوردستان بڵاو كرده‌وه كه ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا، به‌شێك له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌نگۆی ئه‌وه‌یان بڵاو كردبووه‌وه، گوایه به بڕیارێكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری ماوه‌ی یاسایی سه‌رۆك و ئه‌ندامێكی دادگای ته‌مییزی هه‌رێمی كوردستان به پێچه‌وانه‌ی یاسا درێژ كراوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری به ورده‌كاری و زانیارییه‌وه باسی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یاسایی خزمه‌تی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن و دوو دادوه‌ری ئه‌ندامی دادگای ته‌مییز ده‌كات كه به پێی یاساكانی درێژكردنه‌وه‌ی خزمه‌تی دادوه‌رانی عێراقی بووه كه یاسایه‌كی (تنڤیمی) فیدرالییه و له هه‌رێمیش كاری پێ ده‌كرێت به‌و پێیه‌ی هه‌موو قۆناغه‌كانی به یاسابوونی بڕیوه و دواتریش به واژۆی خودی سه‌رۆككۆماری عێراقی فیدرال به‌ڕێز (مام جه‌لال) بووه. ئه‌و بڕیاره‌ش به ره‌زامه‌ندیی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و ئه‌ندامانی دادگای ته‌مییز بووه‌و له هه‌مان كاتیش‌دا پاڵپشت بووه به ده‌قی رای فه‌رمی ئه‌نجوومه‌نی شورای هه‌رێم و رای خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان.
له كۆتایی روونكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریدا هاتووه، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری خۆی به پاسه‌وان و پارێزه‌ری مه‌شروعیه‌تی یاساكان و بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری داده‌نێت و ئاماده نییه له‌به‌رخاتری هیچ كه‌س و لایه‌نێك شكۆمه‌ندی لای كۆمه‌لانی خه‌ڵكی كوردستان بخاته مه‌حه‌كه‌وه. داواش له گشت ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌كات كه زانیاریی راست له سه‌رچاوه‌ی فه‌رمی و باوه‌ڕپێكراو وه‌ربگرن، ئینجا بڵاوی بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ونه هه‌ڵه‌ی یاسایی.




