٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تاھیر عەبدوڵا: بودجەی ھەشتەمین فێستیڤاڵی ئازادیی نەورۆز كۆمپانیاكان دابینیان كردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر- تایبەت بەkdp.info/ جێگری پارێزگاری ھەولێر دەڵێتن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ بودجەیەکی بۆ ھەشتەمین فێستیڤاڵی ئازادیی نەورۆز لە شاری ھەولێر تەرخان نەکردووە و خەرجیی تەواوی فێستیڤاڵەکە لە ئەستۆی کۆمەڵێک کۆمپانیایە، بەڵام خەڵکانێک چاویان بەو پێشکەوتنەی شاری ھەولێر ھەڵنایە بۆیە توانجی لێ دەدەن.

جێگری پارێزگاری ھەولێر، تاھیر عەبدوڵا، بەkdp.infoـی راگەیاند: ھەشتەمین فێستیڤاڵی ئازادیی نەورۆز کە لە١١ـی ئادارەوە دەستی پێکردووە کە رۆژی ڕزگارکردنی شاری ھەولێرە بە تایبەت کە ئەمساڵی ھەولێر بە پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی ھەڵبژێردراوە و بە ئاھەنگی نەورۆزیش کۆتایی پێدێت، ئەم فستیڤاڵە لە رێگەی ھونەرەوە و ھەموو بوارەکانی ھونەر چەندین چالاکی ئەنجام دەدەن، بۆ ئەم مەبەستەغش لیژنەیەک پێکھاتووە لە بەرێوبەرایەتیی رۆشنبیری و ھونەری و ھەموولایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆئەوەی بە شێوەیەکی باش ئەم فێستیڤالە بەرێوە بچێت.

تاھیر عەبدوڵا گوتیشی: ھەوڵمان داوە زۆرترین خەڵک بەشداری لەو فێستیڤاڵە بکات لە ھەرچوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی دنیا، بۆئەوەی بتوانین لە رێگەی ھونەر و ئاوێتەبوون و تێکەڵبوونی کولتوورە جۆراوجۆرەکانەوە گوزارشت لەو خۆشیانە بکەین.

 جێگری پارێزگاری ھەولێر راشیگەیاند: بەھۆی ئەو کێشە داراییانەی لە ئاردایە، بودجەی ئەمساڵ و ساڵانی رابردوویش بەشی زۆری بودجەکە لە ئەستۆی کۆمەڵێک کۆمپانیا بووە و حکوومەت ھیچ بودجەیەکی تەرخان نەکردوە و خەرجییەکەی کەوتووەتە سەر ئەو کۆمپانیایانە کە خۆیان ئامادەییان دەربڕیوە کە ببنە سپۆنسەر.

تاھیر عەبدوڵا گوتیشی: بەداخەوە خەڵکانێک توانج دەدەن کە چاویان بەو پێشکەوتنەی ھەرێمی کوردستان و بە تایبەتی شاری ھەولێر ھەڵنایە کە خۆیان ئارەزوویان دەکرد بەشداریی بکەن بۆ ئەوەی بازرگانیی پێوە بکەن، ئێستا موزایەدات دەکەن کە چۆن دەکرێت لەسەر بودجەی حکوومەت بێت، بەراشکاوانە دەیڵێین کە حکوومەت ھیچ بودجەیەکی تەرخان نەکردووە و ھەر کەسێ دەیەوێت بابێت بۆی روون بکەینەوە و پێویست بەو موزایەدە ناکات و ئەمانە تەنھا بۆ ئەوەیانە ھەولێر بگەڕێتەوە بۆ دواوە، بەڵام با دڵنییا بن ئێمە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ھەولێر زیاتر پێش بکەوێت.

عەبدوڵا روونیشی کردەوە، "کاری ئێمە تەنھا رێکخستن و ئامادەکارییەکانە لەگەڵ لیژنەکانی پۆلیس و ئاسایش بۆ پاراستی سەروماڵی ھاووڵاتیان، بەڵام بانگھێشتکردنی ھونەرمەندان و پێدانی پارە بە ئەوان، کۆمپانیاکان خۆیان ئەم کارە دەکەن و زۆرترین ھونەرمەندانی کورد کە زیاتر لە١٠٠کەس دەبن بەشدارییان لەو فێستیڤاڵە کردووە و زیاتر لە ھەزار کەس لە ھەموو بوارەکان وەکو پێشبڕکێ و ماراسۆن و کەرنەڤاڵ، منداڵان تێیدا بەشدارن و ھونەرمەندانی بیانی بە پەنجەی دەست ناژمێردرێن.

هاوكات ئاماژەی دا، مەبەست لەبانگھێشتکردنی ئەو ھونەرمەندە بیانییە بۆ ئەوەیە سەرنجی گەشتیاران بۆ لای خۆمان رابکێشین و بێنە کوردستان و ھەر جیاوازییەکیش کرابێت دەگەڕێتەوە بۆ خودی ھونەرمەندەکان و ئەو کۆمپانیایانەی کە بەم کارە ھەڵساون.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار