جەواد بەزوونی: حكوومەتی عێراق مافی ئەوەی نییە گەلەكەی برسیی بكات

بەسرە- KDP.info/ ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی مواتن، د. جەواد بەزوونی، ڕایگەیاند، حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و هیچ لایەنێكی مافی ئەوەیان نییە گەلەكەیان برسیی بكەن، چونكە هەموو عێراقییەك مافی لە بودجەی وڵاتدا هەیە و نابێت مووچە ببڕدرێت. دەربارەی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەیش گوتی، ئەو بڕیارە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووەوە دراوە و بەپێی دەستوور و یاسایش جێبەجێكردنی پێچەوانەی یاسا نییە و مافی هەرێمی كوردستانیشە زیاتر لە چوار پاریزگایشی هەبێت.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق لەسەر لیستی مواتنە و نوێنەری پارێزگای بەسرەیە، ڕاشكاوانە دەڵێت، "ئێمە دژی ئەو سیاسەتەی بەغداین و نە حكوومەتی بەغدا و نە هیچ لایەنێكی دیكە بۆی نییە گەلەكەی برسیی بكات و مووچە لێ ببڕێت. ئەگەر جیاوازیی هەن پێویستە لە نێوان لایەنە پێوەندارەكاندا چارە بكرێن."
د. جەواد بەزوونی باوەڕی وایە كە چەند هەڵبژاردنەكان نزیك دەبنەوە، هەمووان كار لەسەر نانەوەی گرفت و قەیران دەكەن و داواكاریی لایەنەكانیش هەڵدەكشێن كە زۆرینەیان قبووڵكراو نین.
دەربارەی لێدوانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرەیش پیچوەست بە بڕینی مووچەوە ڕایگەیاند، "پێم وایە لێدوانەی ئەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە لەبارەی بودجەی هەرێمەوە، پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە و لە ڕووی یاساییەوە بێكاریگەرییە، لە لایەكی دیكەوە ئەو بەرپرس نییە لەم بابەتە و ئەمەیش نیشانی دەدات كە بابەتەكە بۆ موزایەدەی هەڵبژاردنە. هاوكات گوتی، ئەو مافی ئەوەی نییە وەها لێدوانێك بدات چونكە خزمەت بە عێراقییەكان و خەڵكی بەسەریش ناكات. هاوكات دەڵێت، خەڵكی بەسرە وەها لێدوانێك ڕەت دەكەنەوە و خۆشەویستییشیان بۆ هەرێمی كوردستان هەیە.
دەربارەی فەرمانی هەرێمییش كە ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی واژۆی كرد، بەزوونی گوتی، بێگومان هەرێمی كوردستان لە سەر دەستی ڕژێمی پێشوو زۆری ئازار چەشتووە، هەروەك چۆن خەڵكی بەسرەیش ئازاریان چەشتووە، هێواخوازیشین كە هەرێمی كوردستان لە خۆشیدا بێت و كەڵك لە بەرجەستەكردنی دەستوور ببینێت؛ لە لایەكی دیكەوە ئێمە پێمان وایە بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر داوە، هاوكات بڕیارێكە هیی سەردەمی ڕژێمی پێشوو و پیچویستە جێبەجێ بكرێت، ئەمە بەپێ دەستوور و یاسا.
زیاتر گوتی، ئەو بڕیارە كاریگەریی بەسەر عێراقەوە نابێت، چونكە ئەو پارێزگایە بەشێكە لە هەرێمی كوردستان و هاوكات لە چوارچێوەی دەستەڵاتەكانی هەرێمدایە. زیاتر رشوونی كردەوە، ئەو بڕیارە لە دەستەڵاتی حكوومەتی هەرێم و پەرلەمانی هەرێمە، بە بڕوای منیش بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە زیانی نییە و ئێمە لەگەلچ ئەوەین كە پارێزگای چوارەم بێت.
لوقمان دەروێش




