پەرلەمان بەبێ کورد خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجە کرد

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ ئەمڕۆ یەكشەممە پەرلەمانی عێراق بەبێ کورد خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجە کردو، پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت: ئەگەر بودجە بەبێ کورد تێپەڕێندرێت ھەڵوێستمان دەبێت.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی، ئامینە سەعید، بە KDP.INFOـی راگەیاند: ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە و سەرەڕای ئەوەی ئێمە و کوتلەی موتەحیدوون بەشداریمان لە کۆبوونەوەکە نەکرد، بەڵام ژمارەیەک لە ئەندامانی لیستی عێراقییە لەگەڵ لیستی ھاوپەیمانیی نیشتیمانی لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوون و رێژەی یاسایی ئەندامان تەواو بوو.
ئامینە سەعید گوتی: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە کراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا ھەرێم و بەغدا لەبارەی کێشەکانی نێوانیان نەگەیشتوونەتە ھیچ رێکكەوتنێک.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە جەختی کردەوە، "ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی ئەگەر داواکاریی ئێمە لەبەرچاو نەگیرێ، بەشداری لە ھیچ کۆبوونەوەیەک ناکەین باس لە بودجە بکات و ئەگەر بەبێ ئێمەیش تێپەڕێندرێت ھەڵوێستی خۆمان دەبێت."
بڵند ئیبراهیم




