حكوومه‌تی هه‌رێم به ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت هه‌موو خزمه‌تێك پێشكه‌ش به هه‌ڵه‌بجه و كه‌سوكاری قوربانیان بكات

|
هەولێر- KDP.info/ له یادی 16ـی ئازارداحكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت،له‌گه‌ڵ هاوخه‌می و هاوده‌ردی و ماته‌مین بۆ یادی قوربانیان، پیرۆزباییش له خه‌ڵكی خۆڕاگری هه‌ڵه‌بجه ده‌كه‌ین و دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت هه‌موو خزمه‌تێك پێشكه‌ش به هه‌ڵه‌بجه و كه‌سوكاری قوربانیان بكات و ئه‌وه‌ی له توانایدا بێت درێغی ناكات.
دەقی بەیاننامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان له یادی 16ی ئازاردا:
بیست و شه‌ش ساڵ به‌ر له ئێستا یه‌كێك له سامناكترین تاوانه‌كانی مێژوو دژ به گه‌لی كورد و ته‌واوی مرۆڤایه‌تی ئه‌نجام درا كاتێك فڕۆكه مه‌رگهێنه‌كنی به‌عس به چه‌كی كیمیایی شاری ئارامی هه‌ڵه‌بجه‌یان بۆمباران كرد و له چه‌ند خوله‌كێكی كه‌مدا زیاتر له پێنج هه‌زار مرۆڤی شه‌هید و به هه‌زارانی دیكه‌شی بریندار و ته‌واوی ژینگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی ژاراوی كرد.
له‌و یاده تاڵه‌دا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان دادەنوێنین و هاوخەمیی خۆمان بۆ برینداران و كەسوكاری قوربانییانی ئەو مه‌رگه‌ساته دووپات دەكەینەوە. ئەو تاوانە گەورەیە، ڕاسته به یه‌كێك لە گەورەترین تاوان لە مێژووی مرۆڤایەتیی دوای جەنگی جیهانیی دووەمدا دەژمێردرێت، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا بووه كلیلی كردنه‌وه‌ی گرێكوێره‌ی به‌ختی كورد.
هه‌رچه‌نده ئه‌وكات كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەك پێویست بە هانای گەلەكەمانه‌وه نەهات و بێده‌نگییان لێ كرد، به‌ڵام دوای چەندین ساڵ لە هەوڵ و تێكۆشانی بەردەوام، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندەكانی بڕیار، دانیان بە گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌دا نا و له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هه‌ڵمه‌تی ناساندنی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه به جینۆساید له چه‌ندین وڵاتی جیهان ده‌ستی پێكرد و به هه‌وڵ و كۆششی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دۆستان و دڵسۆزان به‌رده‌وامه.
ئه‌مساڵ یادی ئه‌و كاره‌ساته هاوكاته له‌گه‌ڵ بڕیاری به‌پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه، بۆیه له‌گه‌ڵ هاوخه‌می و هاوده‌ردی و ماته‌مین بۆ یادی قوربانیان، پیرۆزباییش له خه‌ڵكی خۆڕاگری هه‌ڵه‌بجه ده‌كه‌ین و دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت هه‌مو خزمه‌تێك پێشكه‌ش به هه‌ڵه‌بجه و كه‌سوكاری قوربانیان بكات و ئه‌وه‌ی له توانایدا بێت درێغی ناكات.
نه‌مری بۆ شه‌هیدان و هیوای چاكبوونه‌وه بۆ برینداران و دڵنه‌وایی بۆ كه‌سوكاری قوربانیان ده‌خوازین. پیرۆزبایی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه له هه‌ڵه‌بجه‌ییان و ته‌واوی كوردستانیان ده‌كه‌ین.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان.
16/3/2013




