ئاسایشی پەیەدە: ملكەچی فەرمانەكانمان نەبن، بڕۆن

هەولێر- KDP.info/ بەرپرسی ئاسایشی گشتیی پارتیی یەكێتی دیموكرات(پەیەدە) لە ڕۆژئاوای كوردستان،جوان ئیبراهیم، داوا لە كوردستانیان و ڕێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكانی ڕۆژئاوا دەكات، ئەگەر ملكەچی یاسا ئەمنییەكان و فەرمانەكانی ئەوان نەبن ئەوا دەبێ بڕۆن و لە سنووری قەلەمڕۆییاندا نەمێنن. هەروەها هەڕەشەیش دەكات كە ئەگەر هەر چالاكییەك بێ ئاگاداریی ئەوان ساز برێت، ئەوا بەرەوڕووی سزا دەبنەوە.
ئاسایشی پەیەدە هەر بەوە نەوەستاوە و هەڕەشەی كردووە لەو چالاكیانەی كە بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندیی ئەوان لەو هەرێمە خۆبەڕێوەبەریانەی پارتی یەكێتیی دیموكرات(پەیەدە) ڕایگەیاندوون، بەڕێوە دەچن، بەڵام لەژێر گوشاری جەماوەریدا كەمێك لە پهیامه هەڕەشە ئامێزهكانیاندا كە زۆر توند بوون، گۆڕیون كە ڕایانگەیاندبوو.
پێشتریش هەندێكی گوندەكانی ڕۆژئاوای ترپەسییش بەرەوڕووی هەڕەشەی پەیەدە ببوونەوە كە نابێت بچنەوە گوندەكانیان و هەندێكی دیكەیش لە گوندنشینانیان ئاگادار كردبووەوە كە ئەگەر نەچنە ژێر ڕكێفی حوكمڕانیی ئەوانەوە ئەوا دەبێت گوندەكانیان چۆڵ بكەن.
هەر بەپێی زانیارییەكان، ئاسایشی پەیەدە بەم دواییە هەندێك خەڵكی ناوچەكەیان ناچار بە كۆچ كردبوو، ئەمە پاش هەڵكوتانە سەر ژمارەیەكی زۆری قوتابخانەكانی ناوچەكە، بە هۆی ئەوەی كە قوتابیانیان ناچار كردبوو لە ڕێوڕەسمەكانیاندا بە زۆر بەشدارییان پێ بكەن. هاوكات هەڵمەتێكی دەستگیركردنیان دەست پێ كردبوو و زۆرێك لە بارەگای لایەنە سیاسییەكانیان سوتاندبوو و ڕێوشوێنی ئەمنیی توندیا گرتبووە بەر.




