٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی : ئەوەی بەغدا دەیەوێت، كۆنتڕۆڵكردنی پرسی نەوتە و ئەوەیش قابیلی قبووڵ نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/نێچیرڤان بارزانی لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی نەوت و غاز لە شاری وانی باكووری كوردستان دووپاتیكردەوە: سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان لە سەر بنەمای دەستووری عیَراق بونیاد نراوە و هەرێمی كوردستان مافی دەستووریی خۆی پەیڕەو دەكات. هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە ئەوەی بەغدا دەیەوێت، كۆنتڕۆڵكردنی پرسی نەوتە كە لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە قابیلی قبووڵ نییە و هەرێمی كوردستان بۆ دواوە ناگەڕێتەوە.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 15ـی ئازاری 2014 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كە لە وەزیری ئاوەدانكردنەوە و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بە وەكالەت و هەردوو پارێزگاری هەولێر و سلێمانی و گوتەبێژی فەرمیی حكوومەت پێكهاتبوون گه‌یشته‌ توركیا و لە فڕۆكەخانەی وان لە لایەن ئەحمەد داوود ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا و پارێزگاری وانەوە پێشوازی لێ كرا.

پاشان لە خوانێكی بەیانیدا كە لە لایەن وەزیری دەرەوەی توركیاوە بۆ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری ڕێكخرا بوو، نێچیرڤان بارزانی تیشكی خستە سەر پێگەی دیار و به‌رچاوی وان لە مێژووی كورد دا و ڕایگەیاند هەمیشە حەزی كردووە سەردانی وان بكات.

هەروەها ڕوونی كردەوە له‌به‌ر ناوچه‌ی موكسێ، شوێنی شاعیری مه‌زنی كورد فه‌قیێ ته‌یران، شاری وان له‌ بواری ئه‌دبیات و كولتوری كوردیدا گرنگی و بایەخی تایبەتی خۆی هەیه. خۆشحاڵیی خۆیشی بەو گۆڕانكاریانە نیشان دا كە له‌ توركیا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌ و هیوای خواست پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بەردەوام بێت تا ئاشتیی بەردەوام بۆ ناوچەكە لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. ئاماژەی بە دوایین سەردانی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ هەرێمی كوردستانیش كرد كە لە كۆڕبەندی سلێمانیدا بە كوردی قسەی كرد و بووە مایەی خۆشحاڵیی هەمووان.

نێچیرڤان بارزانی هەروەها ڕایگەیاند لەم سه‌ردانه‌دا هەردوو پارێزگاری هەولێر و سلێمانیش یاوه‌ری ده‌كه‌ن و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ بڕیار بوو پارێزگاری دهۆكیش لەگەڵیان بێت، بەڵام بەهۆی نەخۆشكەوتنی، نەیتوانیوه‌.

لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیەكی تێروتەسەل لەسەر فراوانكردنی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل و زیادكردنی هێڵی سێیه‌م له‌و ده‌روازه‌یه‌ و كردنەوەی چوار دەروازەی دیكەی سنووری لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كرا و بڕیاری لەسەر درا، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو پارێزگاری دهۆك و هەولێر لەگەڵ پارێزگارەكانی شرناخ و هەكاری كه‌ پێكه‌وه‌ سنووری هاوبه‌شیان هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ لایەنە پەیوەندارەكانی هەردوولا لەم مانگەدا كۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی پڕۆژەكە بخەنە ڕێ.

دواتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆكوەزیرانی هه‌رێمی كوردستان و داوودئۆغڵو ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕوون كردەوە. نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌وتنێكی زۆریان به‌ خۆیانه‌وه‌ بینیوه‌ و ڕوونی كرده‌وه‌ ئەو گۆڕانكاڕیانەی لەم ساڵانەی دواییدا لە توركیا ڕوویان داوە گۆڕانكاریی گرنگن و ده‌بێ كه‌م نه‌بینرێن، هیوایشی خواست كێشەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن و پرۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام تا ئاشتی هه‌میشه‌یی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت.

داوودئۆغڵو ئاماژه‌ی به‌و گۆڕانكاریانه‌ كرد كه‌ له‌ كاتی سه‌ردانی شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانییه‌وه‌ له‌ ساڵی 1932 بۆ وان و تا سه‌ردانی ئه‌م دواییه‌ی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ دیاربه‌كر و ئه‌م سه‌ردانه‌ی ئه‌مڕۆی نێچیرڤان بارزانی بۆ وان له‌ توركیا ڕوویان داوه‌ و جەختی لەسەر گرنگیی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانیی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان كردەوە و گوتی: كردنەوەی دەروازە سنوورییه‌كان لە نێوان هەردوولادا هه‌م له‌ ڕووی بازرگانی و ئابووری و هه‌م له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ بە سوودی هەردوو لایەنی توركیا و هەرێمی كوردستان و عیراق دەشكێتەوە.

دواتر لە بەرنامەیەكی ڕاستەوخۆی كەناڵەكانی TRTدا نێچیرڤان بارزانی و داوودئۆغڵو تیشكیان خستە سەر ناوەڕۆكی دیدار و كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆیان. نێچیرڤان بارزانی لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی نەوت و غاز دووپاتی كردەوە: سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان لە سەر بنەمای دەستووری عیَراق بونیاد نراوە و هەرێمی كوردستان مافی دەستووریی خۆی پەیڕەو دەكات. هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە ئەوەی بەغدا دەیەوێت، كۆنتڕۆڵكردنی پرسی نەوتە كە لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە قابیلی قبووڵ نیە و هەرێمی كوردستان بۆ دواوە ناگەڕێتەوە. هەروەها گوتی: دوایین بڕیاری سەرۆكوەزیرانی عیراقی نووری مالیكی كە مافی بە خۆی داوە مووچەی كارمەندانی هەرێمی كوردستان ببڕێت، ڕاستیی مەترسییه‌كانی هەرێمی كوردستانی دەرخست، بۆیه‌ هه‌رێمی كوردستان قبووڵی ناكات دۆسیای نەوتی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی كۆنترۆڵی خۆی بێت.

بەر لە ڕێكەوتنیشی بۆ ئەنقەرە، نێچیرڤان بارزانی بە یاوەریی وەزیری دەرەوەی توركیا گەشتێكی بە نێو ناوەندی شاری واندا كرد و لە یەكێك لە كافێیەكانی شارەكەدا قاوەیەكیان خواردەوە، دواتر بەرەو ئەنقەرە بەڕێ كەوت.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار