راگەیەنراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ

هەولێر- KDP.info/ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی، لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا، بە تێكڕای دەنگ داوا کرا، پڕۆژەیاسای بودجە نەخرێتە بەرنامەی كارەوە، تا ئەو كاتەی هەموار دەكرێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 15ـی 3ـی 2014 لە سەڵاحەددین، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، لەگەڵ كوتلە كوردستانییەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ بووەوە. تێیدا دواپێشهاتە سیاسییەكانی عێراقی فیدڕاڵ خرانە بەر باس و هەروەها گفتوگۆیش لەسەر سیاسەتی نەوتیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا و باسی ئەو خاڵە ناكۆكانەیش كرا، كە بوونەتە هۆی دەركەوتنی قەیرانی سیاسیی.
نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش، بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو و بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ئەم هەنگاوەی حكوومەتی عێراقیان بە نایاسایی و تێكەڵكردنی ژیانی خەڵك لەگەڵ كێشە سیاسییەكان وەسف كرد.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2014 تاوتوو كرا و سەرۆكی كوتلە كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشداربووانی كۆبوونەوەكە تێبینی و پێشنیازەكانی خۆیان لەمبارەیەوە بە سەرۆكی هەرێمی کوردستان راگەیاند. پەیوەست بەم باسەوە، كۆبوونەوەكە بەم ئەنجامە گەیشت كە: پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق بەبی رەچاوگرتنی پڕەنسیپی تەوافوق لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە نێردراوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. سەرباری ئەوەیش پڕۆژەیاساكە زێدەڕۆیی بەسەر دەستووری تێدایە و پڕیەتی لە سزادان لە دژی هەرێمی كوردستان.
بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بە تێكڕای دەنگ داوایان كرد، كە پڕۆژەیاساكە نەخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجوومەنی نوێنەران و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ نەكرێت هەتا ئەو كاتەی ئەو بڕگانە لە پڕۆژەیاسای بودجە هەموار دەكرێن، كە كوتلە كوردستانییەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران تێبینییان لەسەری هەیە.
كۆبوونەوەكە جەختی لەوە كردەوە، كە پێویستە ماددەی 1ـی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2014 هەموار بكرێت و ئەو بڕگە و ماددانەی پەیوەندی بە سزادانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە لابدرێن و نەمێنن.




