رەشید تاھیر: سبەی مووچەی وەزارەتی پەروەردە وتەندروستی دابەش دەکرێن

ھەولێر- تایبەت بە KDP.info/ بریکاری وەزیری دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند كە، ئەمڕۆ شەممە مووچەی مانگی دووی فەرمانبەرانیان لەلایەن حکوومەتی بەغداوە بە دەست گەیشتووە و سبەیش مووچەی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی دابەش دەکەن.
بریکاری وەزیری دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رەشید تاھیر، بە KDP.infoـی راگەیاند: "بۆ مانگی یەک و دوو و سێ، پێویستە بەغدا بۆ ھەر مانگێک یەک ترلیۆن و200ملیار دینار رەوانە بکات، کە بۆ ھەر سێ مانگ دەکاتە سێ ترلیۆن و600ملیار دینار، بەڵام بەغدا تەنھا بۆ مانگی یەک 566ملیار دیناری رەوانە کردووە و بۆ مانگی دوویش 548ملیار دیناری رەوانە کردووە، کە بۆ ھەردوو مانگ دەکاتە یەک ترلیۆن و114ملیار دینار."
رەشید تاھیر گوتیشی: "لە ئێستادا حکوومەتی بەغدا دوو ترلیۆن و500ملیار دیناری ئێمە قەرزدارە و تاوەکو ئێستا رەوانەی نەکردووە."
بریکاری وەزیری دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند: "ئێمە بۆ ھەرمانگێک بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان پێویستمان بە850ملیاردینار ھەیە، بەڵام بەغدا بە تەواوەتی رەوانەی نەکردووە."
تاھیر روونیشی کردەوە، "ئەمڕۆ مووچەی مانگی دوومان بەدەست گەیشتووە و بڕیاریش وایە سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێتەوە کە رەنگە سبەی مووچەی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی دابەش بکرێن و دواتریش مووچەی وەزارەتەکانی ناوخۆ و ئەوقاف دەبێت."
بڵند ئیبراهیم




