بەرپرسی لقی 12: هەوڵەكانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرۆك بارزانی ئاواتی هەڵەبجەییەكانی هێنایە دی

هەولێر- KDP.info/ بەرپرسی لقی 12ـی پارتی لە هەڵەبجە دەڵێت، لە یادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا ئەمساڵ شارەكە لە جیاتی شین شادی دەگێڕن ئەوەش ڕوون دەكاتەوە كە لە ساڵی 1968ـەوە پارتی هەوڵی بۆ بەپارێزگابوونی ئەو شارە داوە.
لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info، بەرپرسی لقی 12ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە، سەعید پشدەری، لە یادی كیمابارانی هەڵەبجەدا دەڵێت: "یادی ئەم ساڵی16/3 1988 لە هەڵەبجە لە هیی 25 ساڵی ڕابردوودا جیاوازتر دەبێت؛ ئەمساڵ شیوەنی هەڵەبجە گۆڕاوە بۆ شادی، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕیارەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كە سەرۆكوەزیرانی هەرێم، نیچیرڤان بارزانی واژۆی كرد و هەڵەبجەییەكان ئەم بڕیارە بە ڕێزگرتنێك لە شەهیدەكانیان دەزانن. هاوكات وەڵامێكی سایكۆلۆژییە كە ئەوانەی چەند ساڵە بە سەختی ژیان دەكەن لەم شارە؛ بەو ئومێدەین ئەم ساڵ ئاوەدانی و ژیانێكی نوێ و بەرەو پێشكەوتن هەنگاو بنێت ئەوە ئومێدی ئێمە و هەڵەبجەییەكانە."
گوتیشی: "بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كلیلی هەموو ئەو دەرگایانە دەكاتەوە كە ئاواتمانن، وەها لە ئایندەی ئەم پارێزگایە دەڕوانین كە پارێزگایەكی گرنگی كوردستان بێت".
لەبارەی یادی ئەم ساڵی شارەكەوە سەعید پشدەری دەڵێت: "ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵەكانی دیكە جەماوەری هەڵەبجە لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجەوە بە ڕێپێوان بەرەو مەزاری شەهیدان دەچن و تاجەگوڵینە پێشكەشی سەر مەزاری شەهیدان دەكەن، لەگەڵ خوێندنەوەی دوو وتار لەلایەن كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە و قایمقامی شارەكە و چەندین چالاكیی دیكە".
بەرپرسی لقی 12 ئەوەشی خستەڕوو پارتی لە ساڵی 1968ـەوە كاتێك شۆڕشی ئەیلوول بە سەرۆكایەتیی باوكی ڕۆحیی نەتەوەی كورد بڕیار بوو جۆرێك لە ڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی ناوەند بكرێت، یەكێك لە داواكانی سەركرایەتیی شۆڕش ئەوە بوو كە هەڵەبجە ببێتە پارێزگا؛ لە دوای ڕاپەڕینیشەوە یەكێك لە خەمەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و شەخسی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی ئەوە بووە هەڵەبجە لە ئایندەدا كاری بۆ بكرێت و بكرێتە پارێزگا و ئەوە بەردەوامی هەبوو لە ئەنجامی ئەو خواستەی پارتی لە ساڵی 1999 پەرلەمان فەرمانی بەپارێزگابوونەكەی دەركردووە. بەوشێوە پارتی خەمی بووە كە وەڵامێكی بچووك بە خەڵكی ئەو شارە بدرێتەوە، ئەگەر ئەوە هەڵوێستی پارتی بێت بەرانبەر بە هەڵەبجە و قوربانییەكانی ئەو شارە ئەوا پارتی بەردەوام دەبێت لە خزمەتی ئەو شارە.
كارزان هەورامی




