تانەر یڵدز: سەردانی نێچیرڤان بارزانی گرنگە

ئانكارا- KDP.info/ وەزیری وزەی توركیا، تانەر یڵدز لە بارەی سەردانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانییەوە بۆ شاری وان گوتی، ئەو سەردانە سەردانێكی زۆر گرنگە، سەرەتا لە شاری وان وەزیری دەرەوەی توركیا پێشوازی لە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكا و دواتر سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی دیدارێك لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی توركیا سەردانی ئانكارا دەكات.
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی توركیا، تانەر یڵدز، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان لەبارەی كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی سەرۆكوەزیرانی توركیا و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئەگەری ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێ لە نێوان هەر دوولادا گوتی: لە بارەی رەوشی عێراقەوە جار جار سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی توركیا دەكا، كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی هەر دوو سەرۆكوەزیرانیش هەر لەو چوارچێوەیەدایە و لە بارەی نەوت و غازی هەرێمی كوردستانەوە هیچ رێككەوتنێكی نوێ ئیمزا ناكرێ.
تانەر جەختی كردەوە، پێشتر رێككەوتن لە نێوان توركیا، هەرێمی كوردستان و عێراقدا ئیمزا كراون و بۆ ئەم مەبەستەیش چەندین سەردانی دوو قوڵی ئەنجام دراون و ئەو كۆبوونەوەیەیش یەكێكە لەو كۆبوونەوانە.
ئەردەلان گۆران




