سەرچاوەیەك: كۆمپانیای تۆتاڵی فڕەنسایی بەنیازە لە هەرێمی كوردستان كار بكات

سەرچاوەیەكی رێگەپێدراوی نەوتیی عێراقی ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند، سەرۆكی كۆمپانیای "تۆتاڵ"ی فڕەنسایی نامەیەكی ئاراستەی سەرۆكی حكوومەتی عێراق كردووە و ئەوەی روون كردووەتەوە كە كۆمپانیاكەی بەنیازی ئیمزاكردنی گرێبەستی گەڕانە بەدوای نەوت لەگەڵ هەرێمدا.
سەرچاوەكە گوتی، كریستۆف دی مارجۆری سەرۆكی كۆمپانیای "تۆتاڵ"ی فڕەنسایی نامەیەكی ئاراستەی نووری مالیكی سەرۆكی حكوومەتی عێراق كردووە و ئەوەی روون كردووەتەوە كە كۆمپانیاكەی بەنیازی ئیمزاكردنی گرێبەستی گەڕانە بەدوای نەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا.
ئاماژەی كرد، حوسێن شەهرستانی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە لە وەڵامدا گوتوویەتی، ئەو گرێبەستانە پێشێلكردنی یاسان و دەبنە هۆی سزادانی كۆمپانیاكە كە لە باشوور لە كێڵگەی حلفایا كار دەكا، لەو كاتەی حكوومەتی فڕەنسا وای لە قەڵەم دا كە گرێبەستەكان پێوەندییان بە لایەنی ئابوورییەوە هەیە و سیاسی نین، رۆژنامەی "حەیات"ی لەندەنی بڵاوی كردەوە.
بەپێی سەرچاوەكە مەرجەكانی كاركردن لە بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان باشتر و هاندەرترن بەبەراورد لەگەڵ حكوومەتی عێراق و ئاماژەی كرد، ئێستە كۆمپانیای "تۆتاڵ" خەریكی كڕینەوەی پشكی كۆمپانیا توركی و دانیماركی و ئەمەریكایییە بچووكەكانە كە پێشتر گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمدا كردووە و پێویستیان بە پاڵپشتیی كۆمپانیا گەورەكان هەیە.
رۆژی سێشەم وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی كۆمپانیای "شیفرۆن گرووپ" و قەدەغەی ئیمزاكردنی گرێبەستی لەگەڵ عێراق خستە سەر لە دوای ئەوەی ئەو كۆمپانیا ئەمەریكایییە بەهاوبەشی كاری لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان كرد.




