لە شار و شارۆچكەكان یادی 111 ساڵەی لەدایكبوونی بارزانیی نەمر بەرز راگیرا

كوردستان - KDP.info/ بۆ بەرزراگرتنی یادی 111 ساڵەی لەدایكبوونی باوكی رۆحیی كورد مستەفا بارزانیی نەمر لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان چەند چالاكییەكی جیا ساز كران.
لە شەقڵاوە لقی 24و لیژنەی ناوچەی شەقڵاوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاوی بەرپرسانی ئیداری و سیاسی و جەماوەری ناوچەكە هەڵمەتێكی نەمام چاندنیان بەرێوە برد و سەد و یازدە نەمامیان چاند.
لەلایەكی دیكەوە لیژنەی ناوچەی یەكی سلێمانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی یادی 111 ساڵەی لەدایكبوونی بارزانیی نەمر لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی لقی 4ـی پارتییەوە سمینارێكی بۆ بەرپرسی لق ساز كرد و تێدا هەڵۆ ئەحمەد كوردە، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان باسی قۆناغەكانی ژیان و خەباتی ئەو سەركردە مێژووییەی گەلی كورد بارزانیی نەمر كرد و دەستكەوتنەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستانی بۆ خەبات و تێكۆشانی بارزانیی نەمر گەڕاندەوە.
هەروەها لیژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناحیەی دینارتەی سەربە قەزای ئاكرێ بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسی ئیداری و سیاسی و جەماوەری ناوچەكە سمینارێكی بۆ سەربەست تروانشی بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموكراتی كوردستان ساز كرد و تێیدا بەرپرسی لق تیشكی خستەسەر دەستكەوتەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و هەروەها خەبات و تێكۆشانی بارزانیی نەمری لە بزاڤی رزگاریخوازی كورددا بەرز نرخاند و راگەیاند كە رێبازی بارزانیی نەمر رێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەرییە و دەبێت رێزی ئەو دەستەكەوتانە بزانین.
ن. جەبەلی




