سەرۆك بارزانی: پێشێلكردنی دەستوور هۆكاری نەبوونی خزمەتگوزرای و ناسەقامگیرییە لە عێراقدا

ھەولێر- KDP.info/سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، ڕایگەیاند، پێشێلكردنی دەستوور سەرچاوەی سەرەکیی كێشەكانی عێراقە، ئەنجامەكەیشی ئەوە بووە كە عێراق لە مانای دەوڵەتبوون دوور بكەوێتەوە و خزمەتگوزاری و ئاساییش و ژیانی دامەزراوەیی بۆ وڵات دابین نەكرێت. سەرۆك بارزانی ئەمەی لە دیداریدا لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا گوت.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی 3ـی 2014 لە سەڵاحەدین سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، پێشوازی لە بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، ئێدوارد ئۆکدێن و شاندێكی یاوەری كرد کە لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر پێکهاتبوو.
لە سەرەتای دیدارەکدا بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ پێشوازی و ڕەخساندنی ئەم دیدارە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، وێڕای سەرسامیی خۆی بە پێشکەوتن و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەی بە بارودۆخی نالەباری ئەمنی و سیاسیی عێراق كرد و ڕایگەیاند کە بەریتانیا بە پێویستی دەزانێت سەرجەم لایەنە عێراقییەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەشدار بن و نابێ هیچ لایەنێک پشتگوێ بخرێت، ئەوەیشی بە فاکتەری سەرەکیی سەقامگیریی عێراق لەقەڵەم دا. هەروەها نیگەرانیی خۆیشی لە زیادبوونی هەڕەشەی تیرۆریستان لە عێراق و ناوچەکە دەربڕی و ڕایگەیاند کە پێویستە هەموو لایەک هاوکار بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر و ئەو تەحەدییانەی بەرەوڕووی ناوچەکە دێن.
بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی بەرچاوی هەرێمی کوردستان کرد لە حەواندنەوەی پەنابەرانی سووریا و ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق و ستایش و سوپاسگوزاریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و لەبارەی بارودۆخی ئەمنی و قەیرانی سیاسیی عێراق و هەروەها كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە پێشێلكردنی دەستوور سەرچاوەی سەرەکیی كێشەكانی عێراقە، ئەنجامەكەشی ئەوە بووە كە عێراق لە مانای دەوڵەتبوون دوور بكەوێتەوە و خزمەتگوزاری و ئاساییش و ژیانی دامەزراوەیی بۆ وڵات دابین نەكرێت. هەروەها سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند عێراقی نوێ لەسەر بنەمای شەراکەت دامەزراوە کەچی بەغدا دەستوور پشتگوێ دەخات و وەک شەریک سەیری هەرێمی کوردستان ناکرێت، بەڵام گەلی کوردستان قوربانییەکی زۆری لەپێناو ئازادیدا بەخشیوە و ڕێگە نادات جارێکی تر وەک پاشکۆ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكانی سووریا تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.




