ئەندامێکی لیژنەی یاسایی: بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەپارێزگابوونی ھەڵهبجە، دەستوورییە

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی بەپارێزگابوونی ھەڵهبجەی شەھید دەستوورییە، چونکە ھەر بڕیارێک پێش رووخانی رژێمی بەعس لە ھەرێم درابیَت کاری پێ دەکرێت.
ئازاد ئەبوبەکر ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە kdp.infoـی راگەیاند: بەپێی ماددەی141ـی دەستووری عێراق ھەر بڕیارێک پێش رووخانی رژێمی بەعس پێش ساڵی2003 لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە درابێت کاری پێدەکرێت، لەوانەش لە ساڵی 1999پەرلەمانی کوردستان بڕیاری بەپارێزگابوونی ھەڵەبجەی دەرکرد، بۆیە بڕیاری ئەمڕۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە دەستوورییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری بەپارێزگابوونی ھەڵەبجەی ئیمزا کرد، دواتر چەند پەرلەمانتارێکی لیستی دەوڵەتی قانوون رەخنەیان لەو بڕیارە گرت و بە نادەستووری وەسفیان كرد.
سەبارەت بە ڕەخنەی ھەندێک لایەنی عێراقی لەبارەی بڕیاری ئەمڕۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە، ئازاد ئەبوبەکر گوتی: ئەوان رەخنەیان ئەوەیە کە پێویستە ئەو پڕۆژەیاسایەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرکراوە، پێویستە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت ئەو کات ھەڵەبجە دەبێتە پارێزگا، بەڵام هەر دەستووریشە ئەو دەستەڵاتەی داوەتە ھەرێمی کوردستان کە ئەو بڕیارە بدات.
ئەبوبەکر روونیشی کردەوە، "ھۆکاری بڕیارەکەی ئەمڕۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو پڕۆژەیاسایەی لە پەرلەمان ھەیە کێشەی لەسەرە و راگیراوە، چونکە چەند قەزایەکی دیکەیش بە ھەمان شێوە داوایان کردووە ببنە پارێزگا."
بڵند ئیبراهیم




