٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان: ژن كوشتن لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆووەتە ئاستێكی مەترسیدار

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/پاش كوشتنی ژنێك لە هەولێر، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان لە هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ژن كوشتن لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆووەتە ئاستێكی مەترسیدار، كە پێویستی بە هەڵوەستەی جددی هەیە لەلایەن باڵاترین پێگەكانی بڕیارەوە.

 لە بەیاننامەیەكیدا كە ئەمڕۆ پێمجشەممە بڵاو كراوەتەوە و وێنەیەكی بۆ (KDP.info) نێردراوە، پەخشان زەنگەنە ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ دیسان خەبەری كوشتنی ژنێك لە هەرێمی كوردستان بڵاو بووەوە.

ئەو بە ناوی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانەوە دەڵێت، سەرەڕای گشت هەوڵ و كۆششەكانی حكومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ سنووردانان بۆ ئەم دیاردەیە، ژن كوشتن لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار، كە پێویستی بە هەڵوەستەی جددی هەیە لەلایەن باڵاترین پێگەكانی بڕیارەوە.

هاوكات لە بەیاننامەكەدا هاتووە، "بە پێویستی دەزانم جەنابی سەرۆكی هەرێم شەخسی و بە شێوەیەكی راستەوخۆ بێتە ناو ئەو مەسەلەیە و بە زووترین كات لەگەڵ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەت و لایەن و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم و، ئەنجوومەنی دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەنجوومەنی دادوەری و، (لەبەرئەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هێشتا دیارنیە) لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان كۆ ببێتەوە، بۆ گفتوگۆی جیددی لەم بارەیەوە و، دانانی رێوشوێنی ئەوتۆ كە رێگە لەم دیاردە خەتەرناكە بگرێت لە هەرێمی كوردستان.

شەوی ڕابردوو، لە گەڕەكی شەهیدانی سێتاقان لە هەولێر، ئافرەتێك كە ژنی ماڵەوە بوو، لە ماڵی براكەی درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لە دەست دا.

 

لەبارەی ڕووداوەكەوە گوتەبێژی فەرمیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رائید كاروان شێخ عەبدولكەریم، ڕایگەیاند: دوێنی سەعات (8:30)ـی شەوی ڕابردوو پۆلیس ئاگادار کرایەوە بە بوونی رووداوێکی کوشتن لە گەڕەکی شەھیدانی سێتاقان، دەستبەجێ پۆلیس گەیشتە شوێنی رووداو و دەرکەوت کەوا ئافرەتێک بە ناوی ( گ. ن .م )، پیشه ژنی ماڵەوە، لە دایکبووی ( 1992)، لە ماڵی برای بە گولـله کوژراوە، تەرمەکەی ھەڵگیرا و رەوانەی نەخۆشخانەی رزگاری پزیشکی دادی کرا.

گوتیشی: لە لایەن پۆلیسەوە دۆسیەی ڵێکۆڵینەوە بۆ ئەم رووداوە کرایەوە و تا ئێستاش ڵێکۆڵینەوە بەردەوامە.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار