نێچیرڤان بارزانی داوای هاوكاریی ئه‌ورووپا بۆ په‌نابه‌ران ده‌كات

ھەولێر -KDP.info/ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ شاندێكی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا دووپاتی كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی تواناكانی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت له هاوكاریكردنی په‌نابه‌ران و، داوایشی له ئەوان كرد چ ڕاسته‌وخۆ و چ له ڕێگه‌ی ئێن جی ئۆكانه‌وه، یانیش له ڕێگه‌ی UNHCRـه‌وه هاوكاریی زیاتری په‌نابه‌ران بكه‌ن.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 12ی ئازاری 2014، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی له شاندێكی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا كرد كه له خاتوو كریستالینا جۆرجیێڤا كۆمیساری باڵای یه‌كێتیی ئه‌ورووپا بۆ هاریكاریی نێوده‌وڵه‌تی و هاوكاریی مرۆیی و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی قه‌یرانه‌كان و خاتوو یانا هاباشكۆڤا باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له عیراق و شاندێكی یاوه‌ریان پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا شاندی میوان تیشكی خسته سه‌ر مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عیراق و هه‌رێمی كوردستان كه بۆ به‌دواداچوون و له نزیكه‌وه ئاگاداربوونه له ڕه‌وشی په‌نابه‌رانی سووریا له هه‌رێمی كوردستان و عیراق. هه‌روه‌ها سوپاس و ده‌ستخۆشییان له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ به‌هاناوه‌چوون و ئه‌و هاوكارییانه‌ی كه پێشكه‌ش به په‌نابه‌رانی كردووه و ده‌كات و ئاماژه‌یان به‌وه دا كه ئه‌و خزمه‌تگوزاری و هاوكارییانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به په‌نابه‌ران كراون به به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه له ئاستێكی به‌رز و ڕێكوپێكدایه، بۆیه جێگه‌ی ڕێز و پێزانینه.
شانده‌كه دووپاتی كرده‌وه كه هه‌موو هه‌وڵێكی خۆیان له یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی سووریا له هه‌رێمی كوردستان له‌و هاوكارییانه سوودمه‌ند بن كه له لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه كۆ ده‌كرێنه و دابه‌شی سه‌ر په‌نابه‌ران ده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بتوانێت باشتر هاوكاریی په‌نابه‌ران بكات، به تایبه‌تیش له‌و بارودۆخه ئاڵۆزه‌ی كه ناوچه‌كه‌ی پیادا ده‌گوزه‌رێت كه كێشه‌ی بودجه و قه‌یرانی ئابووری هه‌یه.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكوه‌زیران سوپاسی خۆی بۆ سه‌ردانی شاندی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ده‌ربڕی و داوای لێ كردن كه له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پارێزگار و وه‌زیره‌كان كفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی كاروباری په‌نابه‌ران بكه‌ن. هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی تواناكانی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت له هاوكاریكردنی په‌نابه‌ران و داوای له یه‌كێتیی ئه‌ورووپا كرد كه زیاتر بێنه ناو پرسه‌كه‌وه و چ ڕاسته‌وخۆ و چ له ڕێگه‌ی ئێن جی ئۆكانه‌وه، یانیش له ڕێگه‌ی UNHCRـه‌وه هاوكاریی زیاتری په‌نابه‌ران بكه‌ن.
باسكردن له ڕه‌وشی عیراق و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی وڵات به‌شێكی دیكه‌ی دیداری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی میوان بوو.




