باشتركردنی رەوشی پەنابەرانی رۆژئاوا لە هەرێم خرایە بەر باس

هەولێر- KDP.info/ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری زیاتر لە 30 ئاژانس و رێكخراوی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان، دارشتنی بەرنامە و پلانێكی هاوبەش بۆ ساڵی 2014 لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئاژانس و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە زیاتر هاوكاریكردن و باشتركردنی رەوشی پەنابەرانی رۆژئاوایان لە هەرێم خستە بەر باس.
بەمەبەستی دارشتنی بەرنامە و پلانێكی هاوبەش بۆ ساڵی 2014 لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئاژانس و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە زیاتر هاوكاریكردن و باشتركردنی رەوشی پەنابەرانی رۆژئاوا لە هەرێم،ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، د.دیندار زێباری و نوێنەرانی زیاتر لە (30) ئاژانس و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی فراوان ساز كرا.
سەرەتا جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی وتەیەكی پێشكەشی كرد و تێدا بەخێرهێنانی ئامادەبووانی كرد و مەبەستی سازكردنی ئەم كۆبوونەوەیەیشی خستەروو كە بۆ دارشتنی بەرنامە و پلانێكی توكمە لە بواری زیاتر هاوكاریكردنی پەنابەرانی رۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2014 كۆ بوونەتەوە.
هەروەها ئاماژەی دا بە بەرنامە و پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا و رایگەیاند "حكوومەتی هەرێم لەسەر سێ ئاست كاری كردووە بۆ حەوانەوە و باشتركردنی رەوشی پەنابەرانی رۆژئاوا كە ژمارەیان زیاترە لە (225) هەزار پەنابەرە، یەكەمیان لەسەر ئاستی سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێم كە بڕە پارەیەكی زۆر لە ساڵی 2013 بۆیان تەرخان كرد و دواتر لەسەر ئاستی وەزارەت و دامودەزگاكانی تری حكوومەتیش بەهەمان شێوە یارمەتیی پەنابەرانی رۆژئاوا لە هەموو روویەكەوە داوە و لەسەر ئاستی خەڵكی كوردستانیش كۆمەك و هاوكاری بۆ پەنابەرانی كۆكراوەتەوە و پێیان دراوە.
هەروەها ئەوەشی راگەیاند: كە جگە لە پەنابەرانی رۆژئاوا لەبەر نالەباری رەوشی هەندێك لە ناوچەكانی ناوەراست و باشووری عێراق، رێژەیەكی زۆری ئاوارەكانی ئەم ناوچانەی عێراق لە پێكهاتە جیاجیاكان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان روویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە كە بەپێی دوائاماری لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا زیاتر سێ سەد هەزار لە پەنابەرانی رۆژئاوا و ئاوارەكانی عیراق لە هەرێمی كوردستان هەیە، بێ گومان هەبوونی ئەم رێژە زۆرەش كاریگەریی راستەوخۆی كردووەتە سەر باری ئابووری و بارزگانی و بژێویی هاووڵاتیان لە هەرێم بۆیە داوا لە رێكخراو و ئاژانسەكانی نێودەوڵەتی دەكەین كە هەوڵەكانیان زیاتر چڕ بكەنەوە و داوا لە وڵاتانی كۆمەك بەخش و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بكەن بۆ ئەوەی بەشێك لەو هاوكاریە مرۆیانەی كە بۆ پەنابەرانی سووریا لە وڵاتانی ناوچەكە تەرخان دەكرێت، بۆ ئەم رێژەی زۆرەی پەنابەرانی رۆژئاوا بێت لە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە لە (10) كەمپ نیشتەجێ كراون.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا نوێنەرانی ئاژانس و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی باسیان لە بەرنامە و پلانی خۆیان كرد بۆ ساڵی 2014 لە بارەی زیاتر هاوكاریكردنی پەنابەرانی رۆژئاوا لە هەرێم، هەروەها چەندین پرسیار و تێبینیشیان سەبارەت بە بەرنامە و پلانی حكوومەتی هەرێم و چونیەتی چارەسەركردنی پێداویستی و كەموكوڕیەكانی پەنابەران ئاراستە كران و لەلایەن جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی وەڵام درانەوە.




