داوای دادگاییكردنی ئەو كۆمپانیا ئەڵمانیاییانە دەكرێت كە چەكیان بە رژێمی بەعس فرۆشتووە

هەولێر- KDP.info/ئەمڕۆ لە رێپێوانێكدا بۆ بەردەم كۆنسووڵخانەی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر، رێكخراوی ئەنفالكراوانی كوردستان و چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی داوایان كرد كە ئەو كۆمپانیایانەی چەكی كیمیاییان بە رژێمی بەعسی رووخاو فرۆشتووە، دادگایی بكرێن و حكوومەتی ئەڵمانیایش بە فەرمی داوای لێبوردن لە جەماوەری هەرێمی كوردستان بكات.
سەرۆكی رێكخراوی ئەنفالكراوەكانی كوردستان، زەمەن عەبدە، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە، تا ئێستا حكوومەتی ئەڵمانیا ئامادەیی ئەوەی نەبووە كە لەبەرامبەر ئەو كۆمپانیایانەی كە چەكی كۆكوژیان بە رژێمی سەدام حوسێن داوە بە دەنگ بێت و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكات، هاوكات پێویستە ئەو كۆمپانیایانە بداتە دادگا.
هەروەها گوتی وڵاتی ئەڵمانیا هاوكاریی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستانیشی نەكردووە.
زەمەن عەبدە زیاتر گوتی، "بۆ دادگاییكردنی ئەو كۆمپانیایانە یادداشتێكمان داوەتە كۆنسووڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر و داوامان كردووە كە وێڕای ئەوەی ئەو كۆمپانیایانە بداتە دادگا، رۆڵی خۆیشی لە ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان بگێرێت و داوای لێبوردنیش لە گەلی كوردستان بكات.




