راوێژکاری پێشووی سەرۆکوەزیرانی عێراق: دەرچوونی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ھەڵەیەکی گەورە بوو

بەغدا- تایبەت بەKDP.INFO/راوێژکارێكی پێشووی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، دەرچوونی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ھەڵەیەکی گەورە بوو، چونكە ئەگەر ئێستا ئەوان بوونیان ھەبوایە لە عێراق ئەو ھەموو قەیرانە دروست نەدەبوو.
راوێژکاری پێشووی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ھەرێمی کوردستان، عادل بەرواری، بە KDP.INFOـی راگەیاند: سەرۆکوەزیرانی عێراق، نووری مالیکی، سوور بوو لەسەر ئەوەی کە ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بچنە دەرەوە، مەبەستیش ئەوە بوو کە خۆی تاک لایەنانە دەستەڵات بەرێوە ببات و عێراق بەم بارودۆخە بگەیەنێت.
عادل بەرواری گوتیشی: ئەو کات من نارەزایەتیی ھەرێمی کوردستانم پێ گەیاند کە لەگەڵ ئەوەدا نین ھێزەکانی ئەمەریکا عێراق جێ بھێڵن و کۆنسووڵخانەی ئەمەریکایشم ئاگادار کردەوە، بەڵام لەو کاتەوە پەیوەندی من و نووری مالیکی تێکچوو، منیش سوور بووم لەسەر ھەڵوێستەکەی خۆم، بەڵام سودی نەبوو.
راوێژکاری پێشووی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند: ئێمە ئەزموونمان ھەیە لە رابردوو کە بە ھیچ شێوەیەک پێکھاتەکانی عێراق پێکەوە ناگونجێن، بۆیە بوونی ھێزەکانی ئەمەریکا زۆر پێویست بوو لە عێراق و دەیتوانی رێگری بکات ئەو ھەموو قەیرانە دروست بێت.
بەرواری روونیشی کردەوە، لەئێستادا نووری مالیکی پەشیمان بووەتەوە و داوای کردووە ئەمەریکا راھێنەریان بۆ رەوانە بکەن، بەڵام داواکارییەکەیان رەت کراوەتەوە.
بڵند ئیبراهیم




