٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەمەریكا داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات پەیوەندییەكانی لە گەڵ دراوسێكانی باش بكات

سەرچاوە: KDP.info

ئەمەریكا - KDP.INFO/ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا داوای لە حكوومەتی عێراقی كرد كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی باش بكات؛ نیگەرانیی خۆیشی نیشان دا بەرامبەر بە هاتنەناوەوەی چەكدارانی بیانی بۆ عێراق لەو چەند مانگەی دواییدا.

گوتەبێژبە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا خاتوو جین بساكی، رایگەیاند كە بەردەوام دەبن لە هاندانی باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و دراوسێكانی عەرەب. روونیشی كردەوەكە،بارودۆخی سووریا ئالۆزی لە ناوچەكە دروست كردووە بەتایبەتی كە چەكداران لە سووریاوە دزە بۆ ناو خاكی عێراق دەكەن، ئەم حاڵەتە نیگەرانی بۆ ئەمەریكا دروست كردووە.

شایانی باسە نووری مالكیی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا هێرشێكی توندی كردە سەر هەر یەك لە سعوودیە و قەتەر و تۆمەتباریانی كرد بە راگەیاندنی جەنگ دژ بە عێراق .

لەلایەكی دیكەوە وڵاتی سعوودیە لێدوانەكانی‌ ئەم دواییەی‌ سەرۆكوەزیرانی‌ عێراق بە دوژمنكارانە و نابەرپرسانە وەسف دەكات، دەشڵێت كە حكوومەتەكەی‌ نووری‌ مالیكی كار بۆ پەراوێزخستنی‌ پێكهاتەكانی‌ تری‌ عێراق دەكات و وڵاتەكەی‌ خستووەتە ژێر مەترسی‌ دابەشبوون.

سەرچاوەیەكی‌ بەرپرس لەبەیاننامەیەكدا كە ئاژانسی‌ هەواڵەكانی‌ سعوودیە واس بڵاوی كردووەتەوە: بەر لەهەمووان نووری‌ مالیكی‌ هەڵوێستی‌ ئاشكرا و یەكلاكەرەوەی‌ شانشینی‌ سعوودیە دژی‌ تیرۆر بە هەموو شێوەكانیەوە باش دەزانێت، ئیتر سەرچاوەكەی‌ هەر شوێنێك بێت.

لەبەشێكی‌ تری‌ بەیاننامەكەدا هاتووە كە باشتربوو سەرۆكوەزیرانی‌ عێراق لەبری‌ دروستكردنی‌ تۆمەتی‌ ناڕەوا بۆئەوانی‌ تر، سیاسەتی‌ گونجاوی‌ پەیڕەو بكردایە بۆ دانانی‌ سنوورێك بۆ ئەو حاڵەتی‌ نائارامی‌ و توندوتیژییەی‌ رۆژانە لە عێراق روو دەدەن.

 سعوودیە جەخت دەكاتەوە كە وا دیارە مەبەست لەو لێدوانانە پێچەوانەی راستییەكانە بۆئەوەی‌ تاوانەكە بخاتە ئەستۆی‌ كەسانی‌ تر، ئەمەش بۆ شاردنەوەی‌ شكستەكانی‌ حكوومەتی‌ عێراقە لە ناوخۆدا.

ن. جەبەلی

هەواڵی پەیوەندیدار