ناڕەزاییەكانی دژی سیاسەتەكانی نووری مالیكی لە پەرەسەندندان

عێراق - KDP.INFO/تا دێـت چوارچێوەی ناڕەزاییەتیەكان دژ بە نووری مالیكی، لە لایەن حیزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەرفراونتر دەبێت، لایەنەكان، سەرۆوەزیرانی عێراق بە بەرپرسیار دەزانن لە بەرانبەر داڕووخانی رەوشی ئەمنی و هەروەها دروستكردنی تەنگژە یەك لە دوای یەككان لەگەڵ تەواوی لایەنەكانی نێو گۆڕەپانی سیاسیی عێراقی.
لەو بارەوە ئەنجوومەنی ئەمیندارانی رەوتی سەدر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە، تا دێت ژمارەی رۆژەكانی حوكمڕانیی مالیكی لە وڵات كەم دەبنەوە و هاوكات ئەنجوومەنی ئەمیندارانی رەوتی سەدر مالیكی بە تاغوت وەسف كردووە و دەسەڵاتەكەشی بە دەسەڵاتێكی جەبەروت لەقەڵەم داوە؛ ئەندامی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی رەوتی سەدر، عەقیل عەبد حوسێنیش بە توندی هێرشی كردە سەر سەرۆكوەزیران، نووری مالیكی و رایگەیاند كە، مالیكی لە رووی سیاسی و ئیدارییەوە ئیفلاسی كردووە و بە مالیكیشی راگەیاند كە كوتلەی ئەحرار بەڕێوەیە.
لە لایەكی دیكەوە هەر بۆ ئیدانەكردنی سیاسەت و لێدوانەكانی مالیكی بەرانبەر بە موقتەدا سەدر و هەوادارانی، لایەنگر و هەوادارانی رەوتی سەدر لە پارێزگای میسان لە خۆپێشاندانێكدا، وێنەی مالیكییان دڕاند و هەروەها مالیكییان بە دز و بەكرێگیراو و ترسنۆك وەسف كرد و داوایشیان كرد كە مالیكی دەست لە كار بكێشێتەوە و، راشیانگەیاند كە ئەم كارانەی مالیكی پێشێلكاریی زەقە و داواشیان لێ كرد كە سەرۆكوەزیران پێداچوونەوە بە حیسابەتەكانی بكات، هەروەك لە پارێزگای بەسڕەش لایەنگرانی رەوتی سەدر دژی سیاسەتەكانی مالیكی خۆپێشاندانیان ساز كرد و رایانگەیاند كە مالیكی قسەی خراپی بەرانبەر بە سەركردەكەیان كردووە و روونیشیان كردەوە كە لە خۆپێشاندان دژ بە سیاستەكانی مالیكی بەردەوام دەبن.
لە لایەكی دیكەشەوە هەر لە بەردەوامی ئیدانەكردنی سیاسەت و هەڵسوكەوتەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی سەركردە لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند كە، سەرۆكوەزیران نوری مالیكی ناتوانێت بڕیاربەدەستی تەواو بێت، هەروەها تەواوی رووبەرەكان داگیر بكات.
هاوكات عەبدولمەهدی رەخنەی زۆر ئاراستەی مالیكی دەكات سەبارەت بە پڕۆژەی بودجەی ساڵی دوو هەزار و چواردە و رایدەگەیەنێت، كە پڕۆژەی بودجە پڕە لە شتی دژ بەیەك و سەبارەت بە رەوشی ئەمنییش ناوبراو دەڵێت كە مالیكی بەشی زۆری جومگە ئەمنییەكانی لە دەستی خۆی قۆرخ كردووە.
ن. جەبەلی




