سۆران.. یادی ڕاپەڕین بەرز ڕاگیرا
سۆران-KDP.info/ ئەمڕۆدووشەممە لە ساڵڕۆژی راپەڕینی شاری سۆران و پۆشینی جلوبەرگی كوردی، لە سەنتەری قەزای سۆران و دەوروبەری بە چەندین چالاكی ئەو یادە بەرزراگیرا.
سەعات نۆی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ راكردنی بەكۆمەل بۆ زیاتر لە 150 قوتابی سنووری پەروەردەی سۆران لە جوتسایدی جوندیان تاكو پێش پەرەوەردە ساز درا و لە پێش نەخۆشخانەی لە دایكبوون دەستی پێكرد و لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە كۆتایی هات، دواتر بە ئامادەبوونی بەرپرسی لقی10 و قائیمقامی سۆران و زۆرینەی بەرێوەبەر و بەرپرسانی حزبی لە مەراسیمێكدا خەلات بەسەر براوەكانی یەكەم تا دەیەم دابەش كرا.
هەر ئەمڕۆ سەعات 10ی پێش نیوەڕۆ لە هۆڵی بۆنەكانی سۆران، فەرهەنگخانەی سۆران بە هەماهەنگی ڤێستیڤاڵی لاوی سۆران بۆ ساڵی 2013 لەژێر چاودێریی (لێهات بارزانی) بە ئامادەبوونی (پشتیوان سادق) جێگری ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای هەولێر و (دكتۆر عەلی تەتەر) پەرپرسی لقی10 و قائیمقامی سۆران و تەواوی بەرێوەبەرانی حكوومی و بەرپرسانی حزبی ناوچەكە و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی سۆران بە جلی كوردی ڤێستیڤاڵێكی قەشەنگ بۆ ئەو یادە ساز كرد.
لە سەرەتای فێستیڤاڵەكە چەندین وتار خوێنرانەوە و دواتر لەلایەن گرووپی كیژانی هەولێر چەندین گۆرانی گوترانەوە، دواتر لەلایەن تیپی میللیی بارزان، كچان و كوڕان چەندین گۆرانی تری سۆرانی و بادینیان چڕی، پاشان بە بەشداریكردنی 85 لاو لە 12 بوار، 15 لاو هەڵبژێردران لەلایەن لیژنەی هەڵسەنگاندن و خەڵاتیان بەسەردا دابەش كرا. هەر لەو چوارچێوەدا خەلاتی تایبەت دابەشكرا بەسەر دكتۆر و پسپۆرانی ناوچەكە كە خزمەتێكی زۆریان بە هاووڵاتیان كردووە.
هەر بە مەبەستی یادكردنەوەی یادی رۆژی راپەرینی سۆران لە هۆلی دارایی سۆران گرووپی گەنجانی باڵەكیان بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سۆران مەڕاسیمی رێزلێنان بۆ مامۆستا و فەرمانبەرانی سنووری بەرێوەبەرایەتی رێكخست، كە تیایدا رێز نرا لە (13) مامۆستا و فەرمانبەر كە لە دوای تەمەنێكی پربەخشش لە بواری پەروەردە و فێركردن خانەنشین كراون.
لە دواچالاكیشدا لە قەزای سۆران بۆ رۆژی پۆشینی جلوبەرگی كوردی بە ئامادەبونی (عەزیز سەعید مەلا) بەڕێوەبەری پەروەردە و سەرپەرشتیاران و بەرپرسانی حزبی و حكوومی ناوچەكە و كارگێری قوتابخانەی ئامادەیی تانیالی كچان لە قوتابخانەكەیان، هەڵسان بە ئەنجامدانی چەندین چالاكی، سەرەتا لە هۆلی قوتابخانەكەیان پێشانگای پەخشنامەی دیواری و خواردنی كوردەوارییان كردەوە، دواتر لە گۆڕەپانی قوتابخانەكەیان چەندین یاری و پێشبڕكێی وەرزشی و چاڵاكیی تر و شایی و هەڵپەڕكێ ئەنجام دران.
لە قەزای رەواندزیش بەو بۆنەیەوە و بە بەشداریی (سیروان سیرینی) قائیمقامی رەواندز هەڵمەتی پاكردنەوەی شاری رەواندز ئەنجام درا.
ئیسماعیل گوندەژۆری




