بڕیاردەری لیژنەی نەوت وغاز: سزادانی ھەرێم لە ڕێی بودجەوە، بەبێ دیراسەیە

بەغدا- تایبەت بەKDP.info/ بڕیاردەری لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەبێ ئەوەی ھەڵسەنگاندن بۆ نەوتی ھەرێمی کوردستان بکات، حکوومەتی عێراق داوای کردووە پێویستە ھەرێمی کوردستان رۆژانە 400ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە بکات، لە كاتێكدا ناتوانێت لە ئێستادا ئەو بڕە هەناردە بكات.
بڕیاردەری لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، د.رزگار، بەkdp.infoـی راگەیاند: ئێمە بەدواداچوونمان کردووە کە حکوومەتی عێراق لەسەر چ بنەمایەک داوای لە ھەرێمی کوردستان کردووە کە رۆژانە 400ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە بکات، ئەگەر نا، بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان دەبرێت و، ئاشکرا بوو کە بەبێ دیراسە ئەو بڕیارەی داوە.
بڕیاردەری لیژنەی نەوت وغاز لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: ئەوان بۆ دانانی ئەم سزایە لەناو بودجە بۆ ھەرێمی کوردستان تەنھا پشتیان بە لێدوان بەستووە و ھیچ ئەساسێکی نییە، بۆیە بروا ناکەم ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا ئەو توانایەی ھەبێت ئەو رێژەیەی نەوت بەرھەم بھێنیت.
د.رزگار راشیگەیاند: پێویستە بەغدا پێش ئەوەی بڕیارێکی لەو جۆرە بدات ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەبێت و ھەڵسەنگاندن بۆ نەوتی ھەرێمی کوردستان بکات، ئەوکات رێژەکە دیاری بکات، بەڵام ئەوان تەنھا مەبەستیان ئەوەیە ھەرێمی کوردستان ملکەچی بەغدا بێت کە ئەمەش بەھیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت.
بڵند ئیبراهیم




