جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە ئەمەریكا رەوشی ئارام و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنێت

ههولێر- KDP.INFO/جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری دیموكراسیەت و مافی مرۆڤ، تۆماس میلیا، گوتی، ئەگەرچی یەكەم جارە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە نزیكەوە لەگەڵ رەوشی هەرێم ئاشنا دەبێت، بەڵام پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانی، بە تایبەتی لە بواری سەقامگیری و ئاسایشەوە و رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی لەم رووەوە بەرز دەنرخێنێت.
ئەمڕۆ شاندێكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری دیموكراسیەت و مافی مرۆڤ، تۆماس میلیا و بە یاوەریی كۆنسووڵی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، جۆزێف پێنگتۆن، سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمیان كردو لەلایەن جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی، د.دیندار زێبارییەوە پێشوازیان لێ كرا.
لە دیدارێكدا هەردوولا باسیان لە رەوشی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی لایەنە براوەكان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و رەوشی مافی مرۆڤ بە گشتی كرا.
لەلایەن خۆیەوە تۆماس میلیا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە یەكەم جارە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە نزیكەوە لەگەڵ رەوشی هەرێم ئاشنا دەبێت و گوتی "هەرێمی كوردستان كراوەیە." هەروەها ئاماژەی بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان دا، بە تایبەتی لە بواری سەقامگیری و ئاسایشەوە و رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی لەم رووەوە بەرز نرخاند و گوتی "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری بنیادنانی دامەرزراوەكان هەنگاوی باشی ناوە و توانیویەتی دۆخێكی لەبار دورست بكات بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكە كە بووەتە هۆی هاتنی رێژەیەكی زۆری وەربەرهێنەران بۆ هەرێم.
جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە بواری پاراستنی مافی ئافرەتانەوە ئاماژەی بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی دژی خێزان لە هەرێم كرد و بە یاسایەكی پێشكەتوو وەسفی كرد و گوتی "هەوڵ دەدەین لەگەڵ حكوومەتی ناوەند لە بەغدا هاوشێوەی هەرێم پێداچوونەوە بەم جۆرە یاسایانە بكەین كە تایبەتن بە مافی ئافرەتان."
لەبەرامبەردا جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە راگەیاند، حكوومەتی هەرێم بەردەوامە لەسەر پرۆسەی چاكسازی لە دامەزراوەكانی خۆیدا و هەوڵی جیددی داوە لە بواری باشتركردنی رەوشی مافی مرۆڤ بەشێوەیكی گشتی و یەكگگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و دامودەزگاكانی ئاسایش لە هەرێم و بەپێی یاسایەكی تایبەت بە ئەنجوومەنی پاراستنی هەرێم، گشت دەزگاكانی ئاسایش لەژێر سێبەری حكوومەتی هەرێمی كوردستانن و رێنمایەكانیشی جێبەجی دەكەن.




