٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"دوو ساڵ پێشتر،سەرۆك بارزانی ئامادەكاریی بۆ ڕاپەڕین كردبوو"

سەرچاوە: KDP.info

سۆران- KDP.info/ كاردانەوەی راپەڕینەكان لە سەرتاسەری كوردستان و كۆچڕەوی مێژوویی بەهاری 1991، كە لەپێناوی ئازادیی و سەربەخۆییدا كوردستانیان قوربانیی زۆریان بۆی دا، لە جیهاندا دەنگی دایەوە. خەڵكی قەزای سۆرانیش لە دژی رژێم و هاوشانی ناوچەكانی تری كوردستان لە 10ـی ئاداری 1991 راپەرین.

ئامادەكاری

سەركردایەتیی سیاسیی بەرەی كوردستانی هەریەكە و بەشیوەیەكی بەرچاو بۆ هاندانی كەسایەتی و چەكدارانی حكوومەت و تەواوی چین و توێژەكان لە رێگای چەند تەتەرێكەوە پەیوەندی بەو كەسایەتیانەوە كرد، وەك (مەلا وسو گەزنەیی) گوتی: "ساڵی 1989 بوو، لە راژان جەنابی سەرۆك بارزانی گرووپێكی لە من و چەند كەسێكی پێكهێنا تا لە دەڤەری سۆران زانیاری لەسەر چەكدارانی حكوومەت و كەسایەتی و پیاوماقوڵان و ئەفسەرانی دەرەجەدارانی سەربازیی رژێم كۆ بكەینەوە و ئەو كارەمان كرد. لە پاییزی ساڵی 1990 دووبارە هەر بە فەرمانی جەنابی سەرۆك بارزانی هاتینەوە دەڤەرەكە، بەهەمان مەبەستی جاری پێشوو، بەڵام ئەمجارە كۆمەڵە نامەیەكی جەنابی سەرۆكمان پێ بوو لە رێگای تەنزیماتەوە بۆ هەندێ كەس. لە 1/3/1991 یادی بارزانیی نەمرمان كردەوە، بۆ ئێوارە بە فەرمانی جەنابی سەرۆك پێنج كەس (من و ئەحمەد خەلانی و شەهید قادرەسۆر و مامۆستا عەبدولرەحمان مەلارەسول و حوسێن مەجید) وەك تیمیكی شارەزا كەوتینە رێ بۆ سۆران بەمەبەستی راپەرین، بە سێ قۆناغ هاتین، سەرەتا گەیشتینە گوندی ناوەندە. دواتر بەرەو دۆڵی رووست، لە ڕێگەی ڕێكخستنەكانمانەوە نزیكەی (2000) نامەمان پێ بوو، گەیاندرانە شوینی مەبەست، دواتر لەگەڵ ڕێكخستەنەكانمان(پارتی) كۆ بووینەوە و تەشجیعمان كردن بۆ ئەو رۆژە پیرۆزە(ڕاپەڕین)، بڕیارمان دا كە لە 1ی دوا نیوەڕۆ دەست دەكرێ بە راپەڕین، شوكر بۆ خوا كاتێك كە دەستی پێكرد بەبێ زیان سەركەوتن بەدەستهات كە تەنها میحوەڕی دیانا شەهیدێك هەبوو".

 

نامەكان

بەپێی ئەو دیكۆمێنتانەی كە ئێستاش لای هەندێ كەسایەتیی قەزای سۆران پارێزراون پشتیوانی و رێنمایی بەرپرسانی سەركردایەتیی كوردی دەردەخەن، لە دیكۆمێنتێكدا (مەسعوود بارزانی) وەك سەركردەیەكی مەیدانی لە رێگای رێكخستنە نهێنیەكانی خۆی بە سەدان نامەی ناردووە و هانی خەڵكەكەی داوە بۆ راپەرین و بەشداریی فراوانی جەماوەری بە هەموو چین و توێژەكانەوە بكات، لەو نامەیەكدا بانگهێشتی كەسایەتییەكان دەكات و دیڵێت: "نەك هەر ئەمڕۆ، بەڵكو هەمیشە پێویستمان بە وزە و توانای ڕۆڵەكانی گەلەكەمان هەبووە، هەر وەكو چۆن چاویشمان لە دووی دابڕان و كەناركەوتنی هەر ڕۆڵەیەك بووە. ئەمەش لە بەرژەوەندیی گەلەكەمانەوە سەرچاوە دەگرێ، كە چارەنووسی هەموو لایەكمانی پێوە گرێ دراوە و پێویستە دەربەستی چارەنووسی ئەم گەلە بین كە ساڵانێكی دوورە هەر دەردەسەری دەچێژی. لەو ڕوانگەوە داوای هاوكاریتان لێ دەكەین و هیوادارین لەم هەڵومەرجە ناسكەدا پتر لە هەموو وەختێك زیاتر ئەم داوایە لە هەموو كاتێكی ڕابردوو پێویستترە. بارودۆخەكەش گونجاوتر و ڕەخساوترە كە بێ گومان دەبێ بۆ قازانجی گەلەكەمان بیقۆزینەوە. چاوەڕوانی وەڵامتانین، بەو هیوایەی هەنگاوتان ئیجابی بێ و هەڵوێستی دڵسۆزانە و جوامێرانەتان بسەلمێنی".

 بەپێی زانیارییەكانی ڕێكخستنەكان (نێچیروان بارزانی)ـیش لە رێگای رێكخستنە نهێنییەكانەوە، وەلامی خاڵ بەخاڵی راپۆرتی (تەنزیم داخیلی) داوەتەوە و زۆر بە وردی چەند خاڵیش پێشنیار دەكات بۆ خۆئامادەكردن لە رۆژی راپەرین. راپەرین لە هەموو شوێنەكانی كوردستان بەو پشتیوانە بووە و زۆر بە گیانێكی پاكانە هەوڵ دراوە، هەر ئەو دڵپاكییەش بووە ئینتیمای جەماوەر بەهێز ببێ و بەیەك دەنگ بەرەو راپەرین هەڵمەت بەرن، تا بەپێی رینماییەكان راپەرینەكە ئەنجام درا.

 

كاتی سفر و رێككەوتنەكان

تەواوی ئەو رێككەوتنانەی لەنێوان بەرەی كوردستانی و جەماوەردا لە قەزای سۆراندا بەرپا بوون، لە ماڵی (عێزەت سلێمان بەگ) بوون، ئەو گوتی: "رێككەوتنەكەمان 20 رۆژ پێش راپەرینەكە بوو، جەنابی سەرۆك بارزانی نامەیەكی زۆری نارد كە زۆربەی نامەكانیش ئیمزا و مۆری لەسەر بوو، تەنها شوێنی ناو نەنووسرابوون، ئێمە سەرپشك كرابووین كە كێ ئاگادار بكەینەوە، بێگومان لە سۆرانەوە تاكو هەولێر ئەوەی كە بڕوامان پێ بوو نامەی سەرۆكمان بۆ نارد، زۆربەی ئەفسەر و دەرەجەدارانی سەربازی لەناو سۆران نامەمان بۆی نارد لەگەڵ ئەوانیش رێككەوتین كە خۆیان بدەنە دەستەوە، فرقەی 33ی سەربازی لێ بوو، لە رواندزیش عەمید سەلاحی لێ بوو، ئەویش لەگەڵمان رێككەوت، بەردەوام شەو و ڕۆژ لە پلانی ئەوەدابووین تیمەكەمان چۆن دابەش بكەین و، رێگاكان چۆن بگرین، یان ئەوانەی نیازیان شەڕە چۆن بەرەنگاریان ببینەوە، ئەوەبوو شەوێك شەهید حەسەن نەجار هاتە لامان دڵنیای كردینەوە، ئەگەر هێزی دوژمن لە هەولێرەوە بێت ئەو رێگای لێ بگرێت، زیان بە رژێم بگەیەنین، لەبەر ئەوەی ناوی نهێنیم هەبوو، من هەر چاوەڕێی ئەوەم دەكرد لە ئیزگەی دەنگی كوردستان ئاگادار بكرێمەوە و دەستبەكار بین، ئەو تیمانەی ئێمەش بڵاومان كردنەوە بەشێوەیەكی زۆر رێكوپێك بوو؛ لە نیوەڕۆی 10ی ئادار كە راپەرین دەستی پێكرد خۆشبەختانە بەبێ هیچ مقاوەمە سۆران رزگاركراو تەواوی ئەفسەر و دەرەجەدارانی سەربازی خۆیان دا بەدەستەوە، هەر چەندە پلانەكەی ئێمە بۆ رۆژی 12ی ئاداربوو، بەڵام خۆشبەختانە لە 10ی ئادار سۆران و دەوروبەری رزگار كران."

 

بەشداریی ئافرەتان و حەماسەت

راپەڕین لە هەر شوێنێك بوایە ئافرەتیش وەك پیاو دەوری كاریگەری هەبوو، ئەمەبوو كە بۆ هاندانی پیاوەكان ئافرەتان هەلهەلەی خۆشییان لێ دەدا، وەك (فەتاح حوسێن ئاغا كەورینی) گوتی: "رۆژی 20ی شوباتی 1991 بوو مام عزەت دەرگەڵەیی ئاگاداری كردمەوە كە بچینە گوندی پیرەسوا لەسەر ریگای چۆمان، ئەو كات بازگەی جوندیان زۆر ترسناك بوو، چونكە پشكنینی زۆر ورد دەكرا لەگەڵ خەڵك، كە چووم كاك كرمانج و كاك سەلاحم لەگەڵ هاتن، لەوێ تەواوی ئەو نامانەی كە جەنابی سەرۆك ناردبوونی هەموومان لەگەڵ خۆمان هێنا و دامانە مام عزەت لەوێشەوە زۆربەی ئەو نامانەی بۆ كەسایەتییەكان و چەكدارانی حكوومەت بوون من بردنم، سەرەتای مانگی سێ ئامادەباشی تەواومان هەبوو بۆ راپەرین، چاوەڕێی فەرمانی مام عزەتمان دەكرد، ئەویش وەك ئێمە چاوەڕێ بوو لە رادیۆ، راپەرینی 5ی ئادار لە رانیە ورەیەكی بەرزی بە ئێمە بەخشی، چاوەڕێكردنمان زۆر ناخۆش بوو، چونكە هەموو كارەكانمان لە پلانەكەدا چارە كردبوو، رۆژی 10ی ئادار كات 12:15ی نیوەڕۆ چوومە ماڵەوە، كەسێكی زۆری خزمانمان كە پێكهاتبوون لە براوبرازاو ئامۆزا لە ماڵمان بوون، كات 1ی دوانیوەڕۆ مەوعید بوو كە لە هەمووو لایەك دەست پێ بكەین، لەگەڵ هاوەڵانم كەوتینەڕێ بۆ بەردەم ماڵی مام عزەت بەبێ ئاگاداركردنەوەی ئەو لەوێشەوە كەوتینە ڕێ بۆ سەر رێگای گشتی، نزیكەی 10 كەس دەبووین، منیش شیعارێكم خوێندەوە بە دەنگێكی بەرز گوتم (بژی بەرەی كوردستانی بە سەرۆكایەتیی مەسعوود بارزانی)، هەندێ لە هاووڵاتییان لەبەر دەرگابوون لە ترسی رژێم خۆیان دا بە ژوورەوە، بەڵام ئافرەتێك بەناوی (زارا) زۆر مەردانە هەلهەلەیەكی توندی لێ دا و گوتی بەقوربانتان بم ئەمڕۆ رۆژی ئێوەیە، بەڕاستی بەدەنگەوەهاتنی ئەو ئافرەتە حەماسەتێكی كوردایەتی زۆری بۆ دروست كردین، كە گەیشتینە سەر شەقامی گشتیی ئێستا كە پێی دەگوترێ فولكەی پێشمەرگە خواردنگەیەكی لێ بوو كۆمەڵە سەربازێكی رژێمی لێ بوو بە چەك لێمان راكێشان و پێمان گوتن ناتانكوژین چەكەكانتان دانێن، ئەوانیش بەبێ بەرگری چەكەكەیان فڕێ دا و ئیتر لەوێوە ژمارەی ئێمە زیادی كردوو بووینە بەشێكی یەكجار زۆر و راپەرینەكە تەشەنەی كرد".

 

ئاربیجیوەك نیشانەی دەستپێك

بەپێی رێككەوتنەكەی خۆی وایان دانابوو هەركاتێ لە سەنتەری قەزای سۆران ئاربیجی تەقێندرا هەردوو ناحیەی دیانا و رواندزیش دەست پێ بكەن. بۆیە (سەردار خەلیل عوسمان) تیكۆشەریكی دیكەی راپەڕین گوتی: "رێك رۆژی 10ی ئادار هیچ ئۆقرەم نەمابوو، چونكە زۆر چاوەڕێمان كرد، دەركەوت كە راپەرین جیددیە، بەڵام بەپێی بەرنامەی دیاریكراو ئەنجام دەدرێ. بەراستی حەماسەت بوو بۆ ئێمە، دوای ئەوەی چەكەكانی دابەش كرد بەسەر ئێمەدا من ئاربیجییەكم بەركەوت، كەوتینە رێ بۆ بەردەم ماڵی مام عیزەت و لەوێشەوە رژاینە سەرشەقام، لەبەر ئەوەی نیوەڕۆ بوو هیچ كەس لەسەر شەقام نەبوو، كەسیش نەهاتبوو بۆ راپەرین، چونكە كاتی دیاریكراو دانرابوو وادەكەشی دوو رۆژ مابوو، لە رێگای گشتیدا كە كۆمەڵە سەربازێكی رژێممان چەككردن ژمارەی ئێمە زۆری كرد و حەماسەت زیاتر بوو، لەوێوە بووینە دوو بەش، لەوبەشەی منیان لەگەڵ بووم هەر لە رێگادا ئاربیجیەكم بە هەودا تەقاند، لەوكاتیش كاك موسلیح بەرزێوەیی هات، ئەویش ئاربیجییەكەی لێ وەرگرتم و دوو دانەی تەقاند، بەهۆی ئەو ئاربیجیانەوە لە هەردوو میحوەڕی رواندز و دیاناش دەستی پێكرد كە بووە راپەرینێكی هەرەوەزی و جەماوەری لەسەرتاسەری قەزای سۆران و دیاناو رواندز."

ئیسماعیل گوندەژۆری

هەواڵی پەیوەندیدار