یاریدەدەری سەدر، مالیكی ئاگادار كردەوە لەوەی خۆی بە دەردی پۆڵ بریمەر نەبات

عێراق - KDP.info/ دوای ئەوەی مالیكی هێرشی توندی كردە سەر موقتەدا سەدر، سەركردە سەدرییەكان بەهەمان شێوەی وەڵامی مالیكییان دایەوە و گەورە یاریدەدەری موقتەدا سەدر و ئیمام و وتارخوێنی مزگەوتی كوفە لە شاری نەجەف مالیكی ئاگادار كردەوە كە خۆی بە دەردەكەی پۆڵ بریمەر نەبات و عادل عەبدولمەهدییش دەڵێت دوای ئەوەی كە نووری مالیكی شەرعیەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی نەهێشت، شەرعیەتی خۆی لە دەست دا.
یاریدەدەری موقتەداسەدر، حازم ئەعرەجی، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ چەند لە دوێنی دەچێت، ئێستاش چەند لە رابردوو دەچێت وەك بڵێی نەوەی كوفر و ستەمكار هەمان چەكیان پێ بێت؛ وەك چۆن گوتوویانە كوفر یەك میلـلەتن."
حازم ئەعرەجی ئەوەی بەبیر هێنایەوە كە دە ساڵ لەمەوبەر، "پۆڵ بریمەری حاكمی مەدەنیی ئەوسای عێراق، موقتەدا سەدری بە یاساشكێن وەسف كرد و هەندێك لە سیاسەتمەدارانیش چەپڵەیان بۆ لێدا، بەڵام وشەی حەقی سەدر هاتە دەنگ و پێی گوت: كام یاسا، ئەگەر مەبەستت یاسای ئەمەریكایە، ئەوا پێشێلكردنی ئەوپەڕی شانازییە بۆ من، ئەگەر مەبەستیش لە یاسای خوایە، ئەوا تۆ هیچی لێ نازانی و باسی مەكە."
ئەعرەجی رایگەیاند، كە ئێستاش بەهەمان شێوەی بریمەر، نووری مالیكی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا دەست پێ دەكاتەوە و دەڵێت موقتەدا سەدر لە سیاسەتەدا تازەیە و هیچ لە بنەمای پرۆسەی سیاسی و دەستوور نازانێت.ئەعرەجی گوتی "ئەمڕۆ خوێندكارێك لە خوێندكارەكانی ئەو شەیتانە بەهەمان نەفەسی شەیتانانەی بریمەری مامۆستای، دەمدرێژیمان بەرامبەر دەكات، بەڵام وەك چۆن تەختی بریمەر رووخا، تەختی تۆیش ئاوا دەڕووخێ و هەرەس دەهێنیت."
لەلایەكی دیكەوە عادل عەبدولمەهدیی سەركردە لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی رایگەیاند كە، مالیكی شەرعیەتی نەما دوای ئەوەی شەرعیەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی نەهێشت.
عەبدولمەهدی روونی كردەوە كە سەرۆكی وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران خاوەنی عێراق و بریارەكانی نین، بەڵكو بەشێكن لە بڕیاردان.
ن. جەبەلی




