نێچیرڤان بارزانی: سیستمی تەندروستی لە هەموو عێراقدا شكستی بردووە

هەولێر - KDP.info/سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، ڕایگەیاند، نەك لە هەرێمی كوردستان، بەڵكە لە هەموو عێراقدا سیستمی تەندروستی شكستی بردووە و دەبێ چاكسازی لە سیستمدا بکرێت.
لە مەراسیمی گرێبەستی فرۆشتنی دەرمانی ئاوامێدیكا لەگەڵ سێیەم گەورەترین كۆمپانیا لە جیهاندا لە بواری دەرمان كە سانۆفێرای فەرەنساییە و لە هەولێر بەڕێوە چوو، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند كە، سیستمی تەندروستی لە هەموو عێراقدا شكستی بردووە، چونكە نەیتوانیوە بە ستاندەری نێودەوڵەتی خزمەتگوزاری پێشكەش بكات.
هاوكات گوتی، دروستكردنی باڵاخانە جێی شانازییە، بەڵام كێشەی كوردستان نییە، بەڵكە دەبێ سیستمی تەندروستی چارە بكرێت. وەك ئەو گوتی، ئەگەرچی دروستكردنی باڵاخانە و نەخۆشخانە باشن و پێویستن، بەڵامدەڵیچت، 100 نەخۆشخانە دروست بكرێن بەقەدەر چاكسازی لە سیستمدا نابێت.
بە پێویستیشی زانی بۆ چاكسازیی لە بواری تەندروستیدا پێوەندیی باش لە نێوان بەغدا و هەولێردا هەبێ.
هیوایشی خواست كە مەراسیمی ئەمڕۆ دووشەممەی نێوان كۆمپانیای ئاوامێدیكای كوردستان و كۆمپانیایەكی دەرمانی فەرەنسایی سەرەتایەك بێ بۆ پێوەندییەكی درێژخایەن و هیوایشی خواست كە ببینن، هەرێم سیستمێكی تەندروستیی باش و تۆكمەی هەیە كە بۆ چارەسەرییەكان خەڵكی كوردستان نەچنە دەرەوەی وڵات، بەڵكە خەڵكی تر بۆ چارەسەرییەكانیان بێنە هەرێمی كوردستان.
هاوكات سوپاسی وەزارەتی ناوخۆی كرد لە هاوكاریكردنی وەزارەتی تەندروستی و ڕێگریكردن لە هێنانەناوەوەی دەرمانی بەسەرچوو و كوالێتیی نزم. هاوكات داوای لە بازرگانان كرد كە لە هێنانی دەرمان بۆ كوردستان بە ویژدان بن.
كۆمپانیای ئاوامێدیكا بۆ وەبەرهێنانی دەرمان ساڵی 2006 لە شاری هەولێر دامەزراوە و وەك بەرپرسانی كۆمپانیاكە ئاماژەی بۆ دەكەن 140 جۆر دەرمان بەرهەم دەهێنێت.




