پەرلەمانی كوردستان ساڵیادی رێككەوتننامەی 11ـی ئادار بەرز دەنرخێنێت

هەولێر - KDP.info/پەرلەمانی كوردستان ساڵیادی رێككەوتننامەی 11ـی ئاداردا ڕایدهگهیهنێت که، ئەگەرچی رژێمی بەعس خۆی لە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتننامەیە دزییەوە و شەڕی بەرامبەر گەلەكەمان هەڵگیرساند و نكۆڵی لە مافە رەواكانی كرد، كەچی رێككەوتنامەی 11ـی ئادار وەكو بەڵگەنامەیەكی مێژوویی دانپێدنراو لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بایەخ و گرنگی خۆی هەبووە و هەیە و تەنانەت شۆڤینیەكانیش ناتوانن نكۆڵی لەو دۆكیۆمینتە و مافە بەرجەستەكراوەكانی بكەن.
دهقی بهیاننامهی پهرلهمانی کوردستان به بۆنهی رێككەوتننامە مێژووییەكەی 11ـی ئاداری 1970ژ-هوه:
لە ساڵیادی رێككەوتننامە مێژووییەكەی 11ـی ئاداری 1970 كە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە سەرۆكایەتیی مەلا مستەفای بارزانی بۆ یەكەمین جار لە بەڵگەنامەیەكی فەرمیدا حكوومەتی ئەوكاتی عێراقی ناچار كرد دان بە مافە نەتەوەییە رەواكانی گەلی كوردستاندا بنێ، سڵاو و پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی گشت خەڵكی كوردستان و پێشمەرگەكانی ئەو شۆڕشە و سەرجەم پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان دەكەین.
ئەگەرچی رژێمی بەعس خۆی لە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتننامەیە دزییەوە و شەڕی بەرامبەر گەلەكەمان هەڵگیرساند و نكۆڵی لە مافە رەواكانی كرد كەچی رێككەوتنامەی 11ـی ئادار وەكو بەڵگەنامەیەكی مێژوویی دانپێدنراو لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بایەخ و گرنگی خۆی هەبووە و هەیە و تەنانەت شۆڤینیەكانیش ناتوانن نكۆڵی لەو دۆكیۆمینتە و مافە بەرجەستەكراوەكانی بكەن و بووە بنەمایەكی پتەو و جێگیر بۆ داننان بە مافەكانی گەلی كوردستان كە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و لە4/10/1992 گەلی كوردستان بە تێكرای دەنگی ئەندامانی پەرلەمان جاڕی فیدراڵی دا و لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ناوەند رێكخست كە ئەو داوایانە لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا جێگیر كرا و سیستەمی فیدرالی بووە بنەمایەك بۆ حوكمرانیی عێراق و هەرێمی كوردستانیش وەك هەرێمێكی فیدراڵی دانپێدانراو ناسرا كە ئێستاش سەرسەختانە بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی خۆی دەكات كە بەرهەمی خەباتی شۆرش و راپەرینەكانی گەلی كوردستانە.
هاوكات لەگەڵ ئەو یادە بیرەوەری راپەرین و ئازادكردنی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەرز رادەگرین كە خەڵكی هەولێر لەو رۆژە مێژووییەدا شارەكەیان لە دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی بەعس پاك كردەوە و رزگار كرد، رێگە بۆ حوكمڕانیی خۆبەخۆی گەلەكەمان خۆش بوو؛ ئەمرۆش سەرەرای ئەو ئاستەنگانەی دەخرێنە بەردەم كەچی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵی پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆوە دیوە و پرۆسەی سیاسی و ئابووری و رۆشنبیری و وەرزشی و كایەكانی تریش لە برەودان و چاوەروانی داهاتووی گەشتری لێ دەكرێ
هەر بەرز و پیرۆز بێ بیرەوەری 11 ی ئادار
سڵاو بۆ گیانی پاكی گشت شەهیدان.
پەرلەمانی كوردستان
10/3/2014




