٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانماندا ڕەوشی ئافرەتانیان خستە بەر باس

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری بڵاوكردنەوەی دیموكراتییەت لە ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ خستنە بەرباسی ڕەوشی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانماندا كۆ بووەوە و جەختی لە هاوكاریكردنی ئەنجوومەنەكە كردەوە.

  ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان، خاتوو پەخشان زەنگەنە، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی لە ئەنجوومەن،، فلۆرین گۆرگیس، پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری بڵاوكردنەوەی دیموكراتییەت لە ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، تۆماس میلا كرد، كە ئەمڕۆ یەكشەممە بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە هەرێمی كوردستان، لەو كۆبوونەوەیەدا سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بەرەوپێشبردنی دۆخی ژنان خرایە ڕوو و، ئاماژە بە ئاستەنگەكانی جێبەجێكردنی یاساكان و سیاسەت و ستراتیژییەتەكانی حكوومەت كرا.

  تۆماس میلا دەستخۆشی لە كار و چالاكییەكانی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان كرد و گوتی: وەكو ئاگادارین ئەنجوومەنی خانمان لە ئاستی جیاواز كاری جیددی بۆ بەهێزكردنی رۆل و پێگەی ژنان كردووە.

  هەروەها تۆماس میلا وێڕای بەرزنرخاندنی هەوڵ و كۆششەكانی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان، دووپاتی كردەوە: بە گوێرەی توانا رەخساوەكانمان پاڵپشتی و هاوكاریی ئەنجوومەنی خانمان لە هەرێمی كوردستان دەكەین، بەتایبەتی لە ڕووی پسپۆری و شارەزایی بۆ بەهێزكردنی ئەم ئەنجوومەنە.

  لەلایەن خۆیەوە خاتوو پەخشان زەنگەنە هاوكاری و پاڵپشتی هەموو لایەنە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكانی بە پێویستزانی بۆ گەشەپێدانی رەوشی ژنان و سەرخستنی ستراتیژییەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەشەپێدانی رەوشی ژنان و نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی جیاكاری و توندوتیژی لە دژی ڕەگەزی مێینە.

شایانی باسە هەریەكە لە جەیسۆن ستار راوێژكار لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پیپجن هیلگەرز بەرپرسی دۆسیەی سیاسی لە كۆنسووڵگەریی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان یاوەریی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بوون لەم سەردانەیدا بۆ ئەنجوومەنی خانمان.

هەواڵی پەیوەندیدار