ئەو شەپۆلەی بارانە كە بڕیارە سبەی ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە، لافاو بە دوای خۆیدا دەهێنێ

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/بەرێوبەری گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشبینی دەکرێت سبەی شەپۆڵێکی بەھێزی باران بارین ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە و لە ھەندێک شوێنیش لافاو دروست بێت؛ بەرێوبەری بەرگریی شارستانیی ھەولێریش دەڵێت، تیمەكانیان لە ئامادەباشیدانە.
بەرێوبەری گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەی ھەرێمی کوردستان، فازل ئیبراھیم، بەkdp.infoـی راگەیاند: ھەرێمی کوردستان دەکەویتە ژێر کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەک کە لە دەریای ناوەڕاست ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە پێشبینی دەکرێت شەپۆڵێکی باران بارین ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
فازل ئیبراھیم گوتیشی: رەنگە سبەی کاریگەریی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە زۆر بەھێز بێت و رێژەیەکی زۆری باران بارین لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان ببارێت و لافاو لە چەند شوێنێک دروست بێت.
هاوكات بەرێوبەری بەرگریی شارستانی ھەولێر، خەلیل سورچی، بەkdp.infoـی راگەیاند: ھەموو بنکەکانی خۆمان ئاگادار کردووەتەوە و ئامادەکاریی تەواومان کردووە بۆ ھەر روداوێکی نەخوازراو.
خەلیل سورچی گوتیشی: پێویستە شارەوانییش ئامادەکاری بکات و پێش باران بارین سەرە مەنھۆڵەکان بکاتەوە، بۆئەوەی لافاو ئەگەر دروست بێت ھیچ زەرەر و زیانێکی نەبێت.
بڵند ئیبراهیم




