سەرۆك بارزانی: هەموومان قەرزاری فیداكاری و ماندووبوونی ئافرەتانین

ھەولێر- KDP. info/سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، بەبۆنەی 8ـی مارس ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ڕایدەگەیەنێت، "ئەركی سەرشانی هەموومانە ڕێز لە شكۆ و ماف و داواكارییەكانی ئافرەتان بگرین. ئێمە هەموومان قەرزاری فیداكاری و ماندووبوونی ئافرەتانین لە ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیدا."
دەقی بەیاننامەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، بە بۆنەی 8ـی مارس:
بەبۆنەی 8ـی مارس ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئافرەتانی كوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەكەم. ڕۆڵی ئافرەت لە بەردەوامی و پێشخستنی ژیان و هێنانەكایەوەی ئاشتیخوازی گرنگ و پیرۆزە. ئەركی سەرشانی هەموومانە ڕێز لە شكۆ و ماف و داواكارییەكانی ئافرەتان بگرین. ئێمە هەموومان قەرزاری فیداكاری و ماندووبوونی ئافرەتانین لە ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیدا. بەشی هەرە گەورەی ئێش و ئازاری گەلەكەمان لەسەر شانی ئافرەتان بووە و ڕۆڵێكی مەزنیان لە خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستاندا هەبووە. هیوادارم ئەو بۆنەیە دەرفەتێك بیت بۆ كەمكردنەوەی ئێش و ئازاری ژنانی كوردستان و چیتر پێشێلبوونی كەرامەت و مافی ئافرەتان نەبینین. پێویستە لەنێو خێزان و ناوەندە پەروەردەیی و كولتوورییەكان و شوێنی كاركردندا مافەكانی ئافرەتان و ژنان مسۆگەر بكرێت و سنوورێكیش بۆ ئەو توندوتیژییە جەستەیی و دەروونییە دابنرێت كە لەدژی ژنان لە ئارادایە.
جارێكی دی پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوام بەختەوەری و شادیتانە.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
8ـی مارسی 2014




