٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەفین دزەیی: بڕیاری ناردنی بودجەمان لە بەغداوە بە دەست نەگەیشتووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/ گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان بەبێ مەرج بودجە لە عێراقەوە قبووڵ دەكات؛ ئاماژەیشی دا كە تەواوی بودجەی حزبەكان لە چوارچێوەی ئەو بودجەیەیە كە بەغدا نەیناردووە.

لەبارەی ناردنی بودجەی مانگی ئازار و شوبات لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی، تایبەت بۆ KDP.infoگوتی: "هەرچەند باس لەوە كراوە كە بودجە دەنێردرێت، بەڵام تا پێنجشەمەی ڕابردوویش هیچ بەشە بودجەیەك لە عێراقەوە نەنێردراوەتە هەرێمی كوردستان و، بە شێوەیەكی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لێ ئاگادار نەكراوەتەوە، ئێمەش گوتومانە دەبێت ئەو بودجەیە بەبێ مەرج و هیچ دودڵییەك بگاتە هەرێمی كوردستان و یاسای موازەنەی ساڵی پار، دەبێت بەردەوامی پێ بدرێت بۆ بودجەی ئەمساڵیش، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق."

لەبارەی ناردنی یەك مانگی مووچەی فەرمانبەرانیشەوە دزەیی گوتی: "هەموو بەشە مووچە كە بە یاسا موسادەقەی لەسەر كراوە لەپەرلەمانی عێراق، پێویستە بەبێ هیچ مەرجێكی پێشوەخت بنێرێت، جا هەربەشە مووچەیەك بێت، هیی یەك مانگ بێت یان سێ مانگ، دوای ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر دەدرێت لە پەرلەمان، دەبێت بنێردرێت."

لەبارەی پرسی پێكهێنانی حكوومەت و گفتوگۆی لایەنە كوردستانییەكانەوە، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم ئەوەی خستەڕوو كە گفتوگۆكان پەیوەندی بە لایەنی حزبە سیاسییەكانەوە هەیە نەك حكوومەتی ئێستا؛ ئەوەیشی ڕوون كردەوە بەپێی زانیارییەكانی خۆی گفتوگۆكان بەردەوامییان دەبێت، لە كاتێكدا چاوەڕێ دەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا بگەنە دەرئەنجامێك.

لەبارەی بودجەی حزبەكانەوە كە دوو مانگە هیچ بودجەیەكیان وەرنەگرتووە بۆ دامەزراوە و فەرمانبەرەكانیان، گوتەبێژی حكوومەت دەڵێت : "بودجەی حزبەكان لە چوارچێوەی ئەو بودجەیەیە كە بەغدا دەیدا بە هەرێم و تائێستاش بەهۆی دواكەوتنی بودجەوە، بودجەی ئەو حزبانەش نەدراوە."

كارزان هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار