ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان، لە بڕینی مووچە و زەقبوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان نیگەرانن

هەولێر- KDP.info/ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانلە هەرێمی كوردستانڕایدەگەیەنێت، ئافرەتانی كوردستان لە پێشوازی هەشتی مارسدا، ڕووبەڕووی كێشەی سەخت دەبنەوە. مەسەلەی بڕینی مووچەی فەرمانبەران و دواكەوتنی دابینكردنی، لەلایەكی دیكەوە لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان، توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بە شێوازێكی دڕندانە زەق بووەتەوە و پۆلێك ئافرەت بوونەتە قوربانیی ئەو دیاردە نامرۆڤانەیە.
دەقی پەیامی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانلە هەرێمی كوردستان:
بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئافرەتان
ئافرەتـانی خۆڕاگری كوردستــان ..
ئازادیخواز و مرۆڤدۆستانـی گەلەكەمان و گشت جیـهان ..
لەگەڵ هاتنەوەی هەشتی مارسدا، بە گەرمی پیرۆزباییتان لێدەكەین، هیوادارین جارێكی دی پەیمانی هاوكاری و هاوخەمی نوێبكەینەوە بۆ سووربوون لەسەر خەبات لە پێناوی هێنانەدی یەكسانی لە ماف و پێگەی ژن و پیاو و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی.
ئافرەتانی كوردستان لە پێشوازی هەشتی مارسدا، ڕووبەڕووی كێشەی سەخت دەبنەوە. لەلایەك مەسەلەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و دواكەوتنی دابینكردنی، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر ژن و منداڵ لە گشت ڕووێكەوە و دەبێتە مایەی دڵەڕاوكێ و نائارامی خێزان.
وەرگرتنی مووچە مافی فەرمانبەرە بەرامبەر كارەكەی و چاوگەی دابینكردنی بژێویەكانی خۆی و خێزانیەتی بۆیە ناكرێت بەهیچ جۆرێك تێكەڵ بە ڕاوبۆچوون و گرفتە سیاسیەكان بكرێت و، داواكارین لەگشت مرۆڤدۆستانی دنیا كە لەسەر ئەم ســــــتەمە بێنە دەنگ و داوا لە حكومەتی فیدراڵی عێراق بكەن، ئەم بابەتە بە دوور لە گرفتە سیاسیەكان چارەسەر بكات و دەستبەجێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت و لە داهاتووشدادوای نەخات، وەك گشت فەرمانبەرانی تری عێراق مافە ڕەواكانیان پێشێل نەكرێت، ئەمەش بەرپرسیاریەتیەكی فەرمی و ئەخلاقی حكومەتی عێراقی فیدراڵە بەرامبەر بە فەرمانبەرەكانی.
لەلایەكی دیكەوە توندوتیژی بەرۆكی ژنان بەرنادات و لە دواڕۆژەكانی ساڵی رابردوو و لەم نۆ هەفتەیەی ساڵی نوێدا لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان، توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بە شێوازێكی دڕندانە زەقبۆتەوەو پۆلێك ئافرەت بوونەتە قوربانی ئەو دیاردە نامرۆڤانەیە.
لە بۆنەی هەشتی مارسدا ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان روودەكاتە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاكاران و گشت مرۆڤـدۆستان و هەروەها دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان، كە هەموومان پێكەوە هەڵوەستەی جددی بكەین لە ئاست ئەم دیاردەیە و ئاسەوارە سەختەكانی لەسەر ئارامی خێزان و كۆمەڵگەدا.
دەبا هەموومان پێكەوە پلانی توكمە دابڕێژین لە پێناو جێبەجێكردنی یاساكان و ڕێگەگرتن لە دەربازبوونی تاوانبارانی توندوتیژی دژی ژنان و كاراكردنی ستراتیژ و سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و لە پێناو بەرەوپێشچوونی بارودۆخی ژنان و كاراكردنی رۆلیان لە پرۆسەكانی كۆمەڵگەدا شەریكی باوەڕپێكراو و، رێز گرتن لە بەها مرۆڤایەتیەكان و پرنسیپەكانی مافی مرۆڤ و مەدەنیەت و دیموكراسی ودادپەروەریی كۆمەڵایەتیدا.
ئەركی گشت تاكێكی هۆشیار و دامەزراوە فەرمی و ناحكومیەكانە، كاربكەن لەپێناو بەرز ڕاگرتنی كەڕامەت و مافەكانی مرۆڤ، بە ژن و پیاوەوە بێ جیاوازی. بۆ دەستەبەركردنی ئارامی و ئاسودەیی و بەختەوەری و خۆشەویستی لەناو خێزان و كۆمەڵگەدا..
شكۆداربێ هەشتی مارس رۆژی هاوكاری نێوان گشت ژنان لە خەباتیان بۆ وەدیهێنانی مافە مرۆڤایەتییەكانیاندا.
حكومەتی هەرێمی كوردستان
ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان
هەولێر – 8ی مارس 2014




