ئەردۆغان: پێوەست بە قۆناخی چارەسەری، شتی زۆر باشتر و گرنگتر روو دەدات

ئانكارا-KDP.info - سەرۆكوەزیرانی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی تایبەتی كەناڵی ئاتێڤی توركیدا سەرەڕای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی توركیا هاوكات باسی قۆناغی چارەسەری كوردیشی كرد و پێی وایە كە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت.
ئەردۆغان لە بەرنامەكەدا رایگەیاند كە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە سەر داوای هیچ پارت و لایەنێكی سیاسی دەستی پێ نەكردووە، بەڵكو لە سەر داوای خەڵكی توركیا دەستی پێكردووە و تا ئێستایش زۆر بە باشی بەڕێوە چووە.
ئەردۆغان هەروەها ئاماژەی دا كە سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ دیاربەكر و كۆبوونەوەمان لەگەڵ بارزانی، شوان پەروەر و ئیبراهیم تاتلیسەس لە دیاربەكر، بووە هاندەر و پاڵنەرێكی بەهێز بۆ قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و دۆخی ناوچەكە بە یەكجاری گۆڕا.
ئەردۆغان لە درێژەی قسەكانیدا جەختی كردەوە كە دوای هەڵبژاردن لە بواری بەرەوپێشەوەچوونی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد شتی زۆر باشتر و گرنگتر روو دەدات و ناوچەكە بە یەكجاری دەبووژێتەوە و پرسی بێكارییش بە یەكجاری چارەسەر دەكرێت.
ئەردۆغان لە بارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی گرووپی كۆمپانیاكانی كۆچ كە یەكێكە لە گەورەترین سەرمایەدارەكانی توركیا و بە هۆی رووداوەكانی گەزییەوە پەیوەندی لەگەڵ ئەردۆغان پچڕابوو، گوتی: مستەفا كۆچ خاوەنی گرووپی كۆمپانیاكانی كۆچ، تكای لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی كردبوو كە داوا لە من بكات تا لەگەڵ مستەفا كۆچدا دیدارێك ساز بكەم، منیش داواكارییەكی مەسعوود بارزانیم بەجێ گەیاند و ئەو دیدارەم ئەنجام دا.
ئەردەلان هەورامی




