٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: لاوان هێزی كارای بنیاتنانه‌وه‌ی كوردستانن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/نێچیرڤان بارزانی دەڵێت،‌ بایه‌خ و گرنگیدان به‌ پێگه‌یاندن و ئاماده‌كردنی لاوان بۆ قۆناغه‌كانی ئێستا و داهاتووی كوردستان زۆر گرنگه‌ و لاوان كه‌ سه‌ره‌كیترین پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانن.

   

ئەمڕۆ هەینی، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی له‌ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كەتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ری و پیشه‌ییه‌كان كرد.

له‌ دیدارێكدا تیشك خرایه‌ سه‌ر ڕه‌وشی لاوان و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی هه‌شته‌می یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان كه‌ بڕیاره‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكی داهاتوودا ببه‌سترێت. هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌ك ده‌رباره‌ی چه‌ندین كار و پڕۆژه‌ و چالاكیی جۆاروجۆری یه‌كێتیی لاوان خرایه‌ ڕوو كه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ خزمه‌تكردن به‌ لاوان ئه‌نجام دراون، وێڕای به‌ئه‌ندامبوونی یه‌كەتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان له‌ ڕێكخراوی یه‌كەتیی لاوانی دیموكراتی جیهاندا و به‌ستنی سێ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ییی لاوان كه‌ لاوانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان به‌شدارییان تیادا كردووه‌.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی گرنكی لاوان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ بایه‌خ و گرنگیدان به‌ پێگه‌یاندن و ئاماده‌كردنی لاوان بۆ قۆناغه‌كانی ئێستا و داهاتووی كوردستان زۆر گرنگه‌ و لاوان كه‌ سه‌ره‌كیترین پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانن، ده‌توانن له‌ پێشخستنی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووریی كوردستاندا ڕۆڵێكی دیاری بنیاتنه‌رانه‌ بگێڕن و ببنه‌ هێزێكی كارای بنیاتنانه‌وه‌ی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ لاوانی كوردستان ده‌بێ ڕۆڵێكی كاراتر له‌ بنیاتنانه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێشخستنی كوردستاندا بگێڕن و خۆیان فێری ئه‌و كار و پیشانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ ژیانی ڕۆژانه‌دا پێویستن. بۆیه‌ یه‌كەتیی لاوانی دیموكراتی كوردستانی هان دا كه‌ زۆر به‌ بایه‌خه‌وه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ بكه‌ن و لاوان هان بده‌ن له‌ بواری پیشه‌ جیاجیاكاندا فێری كار ببن، كار بكه‌ن و هه‌مووان ته‌نیا چاویان له‌ دامه‌زراندن له‌ كه‌رتی گشتی نه‌بێت، به‌ڵكوو زۆرتر ڕوو بكه‌نه‌ كه‌رتی تایبه‌ت و زیاتر پشت به‌ توانا و كاری خۆیان ببه‌ستن.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ گرنگیی ڕۆڵی یه‌كەتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان كرد له‌ په‌ره‌پێدان و بڵاوكردنه‌وه‌ی كو‌لتووری كاركردن و گیانی خۆشه‌ویستی و په‌یوه‌ستبوون به‌ خاك و نیشتمانه‌وه‌ له‌ناو توێژی گه‌نجاندا و ئه‌مه‌ی به‌ ئه‌ركێكی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا. له‌ كۆتاییشدا ستایشی ڕۆڵ و ئه‌ركی سه‌ركردایه‌یتی ئێستای یه‌كەتیی لاوانی كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ كۆنگره‌ی داهاتوویان خواست.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار