چونكە كوری هادی عامریی جێ هێشت، ڕێ نەدرا فڕۆكەیەكی لوبنانی لە بەغدا بنیشێتەوە

هەولێر- KDP.info/ چونكە كوڕی وەزیری گوازتنەوەی عێراقی جێ هێشتووە، رێگری لە نیشتنەوەی فڕۆكەیەكی لوبنانی لە فڕۆكەخانەی بەغدا كرا و، بە هۆیشییەوە جێگری فڕۆكەخانەی نێودەڵەتیی بەغدا، لە كارەكەی دوور خرایەوە.
ئەو فڕۆكە لوبنانییەی كە ڕێی نەدرا لە فڕۆكەخانەی بەغدا بنیشێتەوە، بەو هۆیەوە بووە كە ئێوارەی دوێنێ پاش 6 خولەك درەنگكەوتنی لە چاوەڕوانیی مەهدیی كوڕی هادی عامریی سەرۆكی سوپای بەدری باڵی سەربازیی ئەنجوومەنی شۆڕشی ئیسلامیی عێراق كە هاوكات وەزیری كوازتنەوەیشە، ناچار بە گەڕانەوە بۆ لوبنان كرا و پێی گوتراوە بێ كوڕەكەی عامری ناتوانێت بنێشێتەوە.
بەڕێوەبەری پێوەندییە گشتییەكانی فڕۆكەوانیی "شەرقولئەوسەت"، ریما میكاوی، بە "سی ئێن ئێن"ـی ڕاگەیاندووە، "لە ڕاستیدا ئەو فڕۆكەیەی بەرەو بەغدا ڕۆیشتووە ناچار بە گەڕانەوە بۆ بەیرووت كراوە."
زیاتر گوتی "بابەتەكە لە لێكۆڵینەوەدایە و چاوەڕوانی ئەنجام دەكەین."
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان باس لەوە دەكەن كە، ئەو فڕۆكەیەی ناچار بە گەڕانەوە كراوە، لە فڕۆكەخانەی بەیرووت، 6 خولەك لە كاتی دیاریكراوی خۆی دواكەوتووە، چونكە لە چاوەڕوانیی كەسێك بووە كە ئەویش ناوی مەهدیی كوڕی هادی عامرییە. زیانیارییەكان ئاماژە دەدەن كە ئەگەرچی لە فڕۆكەخلنەی بەیرووت بەپێی ستاندارتی نێودەوڵەتی بانگەوازی بۆ سەرنشینانی هەر گەشتێك دەكرێت، بەڵام جیا لەوە 6 خولەكیش درەنگتر لە وادەی خۆی فڕیوە و چونكە مەهدییش لە نێو فڕۆكەكەدا نەبووە، بەر لە گەیشتنی بە بەغدا ناچار بە گەڕانەوە كراوە.
لە بەرانبەر ئەو ڕووداوەیشدا زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە سەرۆكوەزیرانی عێراق، بە هۆی ئەو سەرپێچییەوە جێگری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی عێراق، سامر كوببە، لە كارەكەی دوور خستووەتەوە.




