٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانی كوردستان: توندوتیژیی دژی ژنان وەك دیاردەیەك بوونی ماوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/پەرلەمانی كوردستان لەبیرەوەریی رۆژی ژنانی جیهاندا دەڵێت، هێشتا ژنان و ئافرەتان لە كۆت و بەندی دابونەریت و گرفتەكانی دەناڵێنن و توندوتیژی وەك دیاردەیەك بوونی ماوە. ڕاشیدەگەیەنێت، دەبێ بە هەوڵ و كۆششی پەرلەمان، حكوومەت، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاكانی راگەیاندن كاری جیددی لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و دەستنیشانكردنی كەموكورتییەكان بكرێت بۆ كەمتركردنەوە و بنبركردنی ئەو دیاردەیە.

دەقی بەیاننامەی پەرلەمان:

لەبیرەوەریی 8ـی مارس رۆژی ژنانی جیهان گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئافرەتان و ژنان و خوشكانی كوردستان دەكەین.

خەبات و تێكۆشانیان لەسەرجەم بوارەكان دا بەرز دەنرخێنین كە رۆڵی بەرچاویان لە ژیانی پەرلەمانی و سیاسی و بوارەكانی تردا هەیە.

سەرەڕای ئەو هەوڵانەی كە پەرلەمانی كوردستان لە دارشتنەوە و هەمواركردنی یاسای باری كەسێتیی عێراق و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان ناویەتی و هەنگاوەكانی گەشەكردنی شارستانیەت و پێشكەوتنەكان بەرچاون و رێگرییە یاساییەكان لەپێناو دەستەبەركردنی ژیانێكی كارامە بۆ تاكەكانی كۆمەڵ لەنێویشیاندا ژنان بە جیددی كاری پێ دەكرێ، بەڵام هێشتا ژنان و ئافرەتان لە كۆت و بەندی دابونەریت و گرفتەكانی دەناڵێنن و توندوتیژی وەك دیاردەیەك بوونی ماوە و هەستی پێ دەكرێ و زۆرێك لە ژنان بوونەتە قوربانی كە پێمان وایە دەبێ بە هەوڵ و كۆششی هەموو لایەكمان لە پەرلەمان و حكوومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاكانی راگەیاندن كاری جیددی لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و دەستنیشانكردنی كەموكورتییەكان بكەین بۆ كەمتركردنەوەو بنبركردنی ئەو دیاردەیە.

با ئەو یادە رۆژێك بێ بۆ گوزارشتكردن لەهەوڵی زیاتر بۆ پشتیوانیی ئافرەتان و ژنانی كوردستان تاوەكو لە هەموو بوارەكان و گۆرانكارییەكانیش رۆڵی دیار و بەرچاوی خۆیان هەبێ.

سڵاو بۆ ئەو شۆرە ژنە قارەمانانە كە لە رۆژانی سەختی خەباتدا شانبەشانی برا پێشمەرگەكانیان لە خەبات نەسڵەمینەوە و جوانترین تابلۆی قوربانیدانیان لەپێناو ئەمرۆی ئازادی و سەرفرازی نەخشاند.

بەرز و پیرۆز بێ 8 ی مارس رۆژی ژنانی جیهانی

 

            پەرلەمانی كوردستان

            7 ی ئادار2014

هەواڵی پەیوەندیدار