کۆشکی سپی، ئەو سەرکردانەی رووسیا و ئۆکراینا سزا دەدات کە زیانیان بە سەروەریی ئۆکراینا گەیاندووە

ئۆکراینا - KDP.info/ سەرۆکی ئەمەریکا، باراک ئۆباما، گەمارۆی پێدانی ڤیزای بەسەر هەموو ئەو کەسانەدا سەپاند کە دەستیان لە شێواندنی هەرێمی کریمیای سەر بە ئۆکراینا هەیە. سەرۆکی ئەمەریکا بریارێکی فەرمی ئیمزا کرد، کە تێیدا گشت ئەو سەرکردانەی رووسیا و ئۆکراینا سزا دەدات کە بوونەتە زیانگەیاندن بە سەروەریی شکۆمەندیی وڵاتی ئۆکراینا.
کۆشکی سپی رایگەیاندووە: لە نێو سزادراوەکاندا بەرپرسانی سەربازیی رووسیای تێدایە، کە لەشکرکێشییان بۆ سەر کریمیا کردووە. ئەو سزایەی ئەمەریکا هاوکاتە لە گەڵ دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جۆن کیری و وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لافرۆڤ لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا.
جێگری سەرۆکوەزیرانی نیمچە دوورگەی کریمیا، رۆستەم تەیمیر گالێف، بە شێوەیەکی فەرمی لکاندنی هەرێمەکەیان بە خاکی رووسیا راگەیاند و ئەوەیشی خستەروو کە تاکە هێزێک شەرعیەتی مانەوەی لە خاکی کریمیا هەبێت تەنیا سوپای رووسیایە و بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەو ناوچەیەیش تەیمیر گالێف گوتی: لە 10 رۆژی داهاتوودا ریفراندۆم لەسەر کریمیا دەکرێت.
لەبەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا کە لە برۆکسێل بەشداری لە کۆبوونەوەی بەپەلەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا دەکات رایگەیاند: لکاندنی نیمچە دوورگەی کریمیا بە رووسیاوە، بریارێکی ناشەرعییە و لە لایەن حکـوومەتی ئۆکرایناوە رەت دەکرێتەوە، سەبارەت بەریفراندۆمەکەیش سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا گوتی: ئەو ریفراندۆمە هیچ بنەمایەکی یاسای نییە، پێش دەستپێکردنی دەرنجامەکەی بەتاڵە قبووڵ ناکرێت و پێویستە رووسیا لەو قسەیەی ئێمە باش تێبگات.
ك.ع




